سەرۆكی خاچی سووری جیهانی دەڵێ قەیرانی نێوخۆیی یەمەن، عەدەنی كردۆتە شاری ڕووحەكان.
ڕابێرت گۆسێن بە بی بی سی ڕاگەیاندووە كە، ئێمە لێرە تەرمێكی یەكجار زۆر دەبینین كە بۆ نەخۆشخانەی ئەم شارە دەگوازرێنەوە و كەسانێكی زۆریش دەبینین كە لە نەخۆشخانە دەمرن. لە نێو شاردا خەڵك دیار نین، چونكی خۆیان شاردۆتەوە و ئابووریی ئەم شارە بە تەواوی تێك تەپیوە.
شاری عەدەن لە دوو حەوتوو لەمەوبەرەوە تا ئێستا لە لایەن حووسییەكانەوە گەمارۆ دراەوەو بەرەی نیزامی بە ڕێبەرایەتیی عەرەبستان مۆڵگەو بنەكەكانیانی بۆردوومان كردووە.
بەم جۆرە كە لە ڕاپۆرتەكاندا هاتووە لە حاڵێكدا كە گرووپە دژبەرەكان لە سەر شەقامەكانی ئەم شارە لە شەڕ و پێكدادان دان، خەڵك لە ترسی ئەم خوێنڕێژییە لە سووچی ماڵەكاندا لە پەنا یەكتر خۆیان حەشار داوە.
لە هێندێك لە گەڕەكەكانی شاری عەدەن ئاوی خەڵکی بڕاوەو ئەم گرفتە بە تایبەتی لە بەشی باشووری ئەم شارە زیاترە.
ڕابێرت گۆسێن هەروەها گوتوویەتی: شاری عەدەن پڕە لە كەسانی چەكداری سەر بە گرووپە جیاجیاكان كە خەریكی شەڕ كردن لەگەڵ یەكترن. شاری عەدەن شارێكی گەورەیە بەڵام لە ئێستادا هیچ كارێك لەم شارە بە باشی ڕاناپەڕێ، دەتوانین بڵێین شاری عەدەن بە كردەوە بۆتە زبڵدانێكی كاولكراو.
ناوبراو لایەنە پێوەندیدارەكانی وریا كردۆتەوە كە ئەم شارە زۆر بە پەلە پێویستی بە یارمەتییە پزیشكییەكان هەیە، بە قسەی ناوبراو نەخۆشخانەی ئەم شارە نە ئیمكاناتی پێویست هەیە و نەپێرسۆنێلی باش.
بەقسەی ڕێكخراوی بێهداشتی جیهانی لە كاتی دەسپێكی ئەم شەڕە و تەنیا لەو شارە پتر لە 550 كەس كوژراون و 1700 كەسیش بریندار بوون . هەر لەم پێوەندییەدا “یوونیسێف”، سندووقی منداڵانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ڕایگەیاندووە كە 74 كەس لە كوژراوانی ئەم شارە منداڵ بوون.