رۆژی ٢٧ی خەزەڵوەر، رێورەسمی ساڵیادی کوژرانی هونەرمەندی کوردی یارسانی سەید خەلیل عالینەژاد لە شاری سەحنەی کرماشان لە کەشێکی ئەمنییەتی بەڕێوەچوو.
سەرەڕای گوشار و زەبروزەنگی ناوەندە ئەمنییەکان و بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی رێوآڕەسمی ١٥یەمین ساڵیادی کوژرانی سەیدخەلیل عالینەژاد، تەمبوورژەن و ئاوازدانەری گەورەی کورد، هاونیشتمانیانی یارسانی ئەو رێورەسمەیان بەڕێوەبرد.
ناوەندە ئەمنییەکانی رێژیم، رێکەوتی ئەو رێورەسمەیان لە گەڵ چلەی ئیمام حسێن بە بیانوویەک زانی بۆ پێشگرتن لەو رێوڕەسمە و هەروەها وتاربێژی رۆژی هەینی شاری سەحنە بەشداری کردن لە رێورەسمی کوردانی یارسانی بە حەرام زانیبوو.
لە ١٥یەمین ساڵوگەڕی کوژرانی سەید خەلیل عالینەژاد بەشیک لە بڕگەکانی ئەو رێورەسمە وەکوو باس کردن لە گیروگرفتی کوردانی یارسان لە ئێران و هەروەها رەوشی کورد بەگشتیی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ژێر گوشاری هێزەکانی ئیتلاعات و سپا، لەو رێورەسمە وەلانرا.
هەروەها رێگەیان نەدا کە پێشکەشکارەکە بە کوردی قسە بکا.
لەو رێورەسمەدا بەپێی نەریتی باو لە ئایینی کوردانی یارسان، ژنانی تەموورەژەن بەشدارییەکی بەرچاویان هەبوو .
شایانی باسە سەید خەلیل عالینەژاد هونەرمەندی گەورەی کورد، لە دایکبووی ساڵی ١٣٣٦ی هەتاویی دوای تەمەنێک خزمەت کردن بە ئاواز و موسیقای کوردی لە ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی لە شاری “گوتنبێرگ”ی سوئید، لە لایەن چەند کەسی نەناسراو بە چەقۆ دەکوژرێ و پاشان لە ماڵی خۆی ئاگری تێبەر دەدەن. هەر لە کاتی بڵاوبۆنەوەی هەواڵی کوشتنی سەید خەلیل هونەرمەندی مەزنی کوردی یارسانی، دەست و پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لەم بارەوە گومانیان خرایەسەر و، ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەو کارەساتە بە ناڕوونیی ماوەتەوە.