بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی ژینگەوان، ڕۆژی هەینی ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧١٦ی کوردی، بۆ چەندمین جار ئاگر لە لێڕەوارەکانی نێوان گۆندی سەرهوویە و گۆندی هەڵووژان لە ناوچەی هەورامان بەردرا.
لەم ئاگرکەوتنەوەدا کە زیاتر لە ١٠ کاتژمێری خایاند خەسارێکی قەرەبوونەکراوی لە سروشت و گیانلەبەرانی ئەو ناوچە دا و بەو هۆیەوە زیاتر لە ١٥ هێکتار لە لێرەوارەکانی ئەو ناوچەیە بە تەواوی بوونە خۆڵەمێش. ئاگرتێبەردانەکان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کە بۆتە کارەساتێکی ژینگەیی، لە وەرزی سەرماش درێژەی هەیە و لە چەند رۆژی ڕابردوودا، ئاگر بەردرایە دارستانەکانی گۆندی ”کندەر”ی سەر بە شاری پیرانشار، لەم ئاگرتێبەردانە بەئەنقەستە کە بە وتەی شایەتحاڵان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە لە دارستانەکانی ئەو شۆێنە بەردراوەو خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی ناوچەکە کەتووە، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە باخ و بێشەڵانی هاووڵاتییان لەو ناوچەیە خەسار و زیانی زۆریان وەبەرکەوتووە.
گوماناویی بوونی ئاگرتێبەردانەکان لە دارو چلاک و لەوڕگەکانی کوردستان تا ڕادەیەکە کە دەنگی نارەزایەتی ژینگەپارێزان لەم بارەوە باس لە بەئەنقسەت بوونی ئەم کردەوە دەکەن و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پێوەندیداریش گومانەکەی زیاتر کردووە.
لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ٧٥٠ حاڵەتی ئاگرکەتنەوە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان روویداوە، کە بە وتەی زۆربەی چالاکانی ژینگەپارێزی کوردستان هۆی سەرەکی زۆربەی ئاگەکەوتنەوەکان بۆ خەمساردیی کاربەدەستانی حکومەت دەگەڕێتەوە.