کارناسانی بۆرای کۆمەڵایەتی بە هەڵسەنگاندنی دۆخی کۆمەڵگای ئیستای ئێران، باس لە پەرەسەندن و هەڵکشانی قەیرانە کۆمەڵایەتیەکان لەو وڵاتەدا دەکەن.
خۆکوژی، بێکاری و تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، لە بەرچاوترین قەیرانە کۆمەڵایەتیەکانی ئێرانن، بەتایبەتی دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ئێران.
شارەزایانی کۆمەڵناسی ڕەوتی خێرای کێشە و قەیرانەکان لە کۆمەڵگای ئێران بە کارەساتێک دەزانن کە دەبێ پێشی لێبگیردرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە فەرمییەکانی ئێران، حەوتووی ڕابردوو لە دانیشتنێکدا لەژێر ناوی “ژنان و ژیانی ڕۆژانە” لە زانکۆی بەهەشتی تاران، کۆمەڵێک پرس و بابەت لەبارەی قەیران و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتی “دیاردەی ژنانی سەرشەقام و کارتۆن خەو و ژنانی لەشفرۆش” خرانە بەرباس.
لەوکۆڕەدا بەرپرسی زانکۆی تاران ڕایگەیاند؛ تا چەند ساڵ لەمەو پێش دەستەواژەیەک بەناوی “ژنانی سەرشەقام و کارتۆن خەو” لە ئێران باو نەبوو، بەڵام ئێستا ئەو دیاردەیە هێندە پەرەیسەندووە، دەبینن بە ئاشکرا لە گۆڕەپانی هێندێک لە شارە گەورەکانی ئێران بە تایبەتی تاران، منداڵی ژنانی سەرشەقام بە ٦٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت، بۆیە دەبێ ناوەندە پێوەندیدارەکان ڕێکارێکی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی ئەم خەسارە کۆمەڵایەتییانە بگرنەبەر”.
هەروەها فاتمە دانیشوەر بەرپرسی کۆمیتەی کۆمەڵایەتیی شارەداریی تاران گوتی: ڕۆژانە رێژەی ئەو منداڵانەی کە بەرهەمی ژنانی سەرشەقامن، روو لە زیادبوونن و، لە نەخۆشخانە و پارکەکانی تاران بە ئاشکرا ئەو منداڵانە لە نێوان ١٠٠ هەتا ٢٠٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێن و کەسیش بەرپرسیار نیە.