مە حموود سادقی نوینەری شاری تاران لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی، بە بڵاوکردنەوەی تویتێک، رەخنەی توندی لەو کەسانە گرتووە کە پێشیان بە بەڕێوەچوونی ساڵیادی کوشتنی پەروانە و داریووش فرووهەر گرتووە.
ئەو نوێنەرەی مەجلیس بە نووسینی کورتە پەیامێک لە “تویتێر” نووسیویەتی کە “کە نە کوشتنی بێبەزییانەی داریووش فروهەرو خێزانی ڕەوا بوو، نە رێگریی کردن لە رێوڕەسمی ساڵیادی ئەو دوو کوژراوە ڕەوایە”.
ناوبراو هەروەها لە بەشێکی دیکە لە پەیامەکەیدا بە ئاماژەدان بە شێوەی ئاشنایی خۆی لە گەڵ داریووش فرووهەر لە ساڵی ٥٦ی هەتاوی، ناوبراو بە کەسایەتییەکی ناسراو ناو دەبا و، بەڕێزەوە یادی لێ دەکا.
شایانی باسە داریووش فروهەر سکرتێری گشتیی حیزبی “میللەتی ئێران” و خێزانەکەی لە ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی لە کوشتاری زنجیرەیی دەهەی ٧٠ کە لە لەلاوەنی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رووی داو، لە ئەنجامی ئەو تێرۆرانە بەشێکی بەرچاو لە جیابیران و کەسایەتییەکان تیرۆر کران، ئەویش لە ماڵەکەی خۆی دەکوژرێ.
ئەو زنجیرە کوشتار و تێرۆر کردنە کە لە سەردەمی دەوڵەتی خاتەمی هاتە ئاراوە، بەرپرسانی نیزام دانیان بەوە دانا کە باڵێکی سەرەرۆ لە نێو سیستمی ئیتلاعات ئەو تێررۆرانەی ئەنجام داوە.. تەنانەت باس لەوەش کرا، کە فتوای شەرعیی مەرجەع تەقلیدێکی لە پشت بووە.
فرووهەرەکان، محەممەد موختاری، جەعفەر پویەندە، مەجید شەریف و هەروەها مامۆستا مەلامحەممەد رەبیعی کەسایەتیی ئایینی و نیشتمانپەروەری کورد لەو کەسانە بوون کە لە لایەن ئیتلاعاتەوە لە دەهەی ٧٠ی هەتاوی تێرۆر کران.