پرسی خوێندن و نووسین بە زمانی زگماکی، گرینگترین پرسی فەهەنگی و سیاسیی ئێرانە کە بەتایبەتی دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیی ئیران، لە دەسپێکەوە تا ئێستا بۆتە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و بەتایبەتی نەتەوەی کورد.
ئەگەرچی ئەم پرسە نەتەوەییە لە یاسای بنەرەتیی ئێران ئاماژەی پێدراوە، بەڵام بە هۆکارگەلێکی سیاسی و فەرهەنگی تا ئێستا لە بەشی پەروەردە و فێر کردن، سەرەڕای وادە و بەڵێنەکانی دەوڵەتانی دەسەڵاتدار لەو وڵاتە، نەچۆتە بواری جێبەجی کردنەوە.
دوای دەوڵەتی خاتەمی دەوڵەتی یازدەیەم بە سەرۆکایەتی حەسەنی روحانی، بە ڕاشکاوی باسی لە جێبەجێی کردنی ئەم ماددە یاساییە کرد و بەڵێنی دا کە ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران منداڵانی نەتەوەکانی دیکەی نێو جوغرافیای ئێران وەکوو، کورد و تورک و عەرەب لەم مافە بێبەش نابن و لە قوتابخانەکان بە زمانی زگماکی وانەکان دەگوترێنەوە. هەرچەند ئەم بەڵێنەش جێبەجێ نەکراوە بەڵام لە ژێر گوشار و داوکاریی چالاکانی فەرهەنگی و سیاسی و مەدەنی بۆ تاقیکردنەوەی ئەم پرسە هەستیارە بۆ یەکەم جار لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوای چەند دەیە، کتێبی کوردی بۆ پۆلی سەرەتایی ئامادەو لە چاپ درا.
شایانی باسە لە بەرەبەری کۆتایی هاتنی دەوڵەتی روحانی گووشارەکان بۆ جێبەجێ کردنی وادە و بەڵێنیەکان زیاتر بووە.