ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان رێوڕەسمی پەردە لادان لەسەر دوو کتێبی “جومعەکان” لە نووسینی سەعید نەجاڕی و “مەرگەژین” لە نووسینی بریا کاکەسووری بەڕێوە برد.
به پێی ڕاپۆرتی هاژە، ئهنجومهنی ئهدهبی بۆکان ڕایگهیاند که له درێژەی کار و چالاکییەکانی خۆی رێوڕەسمی پەردە لادان لەسەر دوو بەرهەمی تازە به ناوی “جومعەکان” لە نووسینی شاعیری بۆکانی سەعید نەجاڕی ناسراو به ئاسۆ، و کۆمەڵە چیرۆکی ” مەرگەژین” لە نووسینی نووسەری بۆکانی بریا کاکەسووری لە هۆڵی سیمۆرغ لە بینای ئیدارەی فهرههنگ و ئیرشاد بەڕێوەبرد.
ههروهها لە بەشێکی بەرنامەکەدا ئەمین گەردیگلانی، شاعیری بۆکانی لە دوو توێی وتارێکدا بەرەوپیری ئەزموونی شێعری ئاسۆ چوو. گەردیگلانی لە وتارەکەیدا ئاماژەی به چوارچیوه کلاسیکەکان کرد و ناسین و ناساندنی ئەو بوارەی به گرینگ وەسف کرد.
لە درێژەی ئهم کۆڕەدا پانێلێکی زانستی به بەشداری حوسێن شێربەگی، نووسەری بۆکانی و هەروەها یوونس رەزایی، شاعیری نوێخوازی بۆکانی، لەسەر کتێبی “جومعەکان” بەڕێوەچوو.
لە بەشی دووهەمی کۆڕەکە بریا کاکەسووری تیشکی خسته سەر هەڵسوکەوتی لایەنه پەیوەندیدارەکان و وتی: “کەشی فهرههنگی بە تایبەتی لە شاری بۆکان کە شاری نووسەران و شاعیرانە، پەلوپۆی هاویشتووە و بەختەوەرانه لە شارەکانی دەوروبەریش دۆخەکە بۆ ئەنجامدانی چالاکیی فەرهەنگی کراوەتهوە”.
ههروهها پانێلی زانستی بۆ لێکدانەوەی کتێبی “مەرگەژین” به بەشداری محەمەدئهمین شامحەمەدی، چیرۆکنووس، رەحیم عەبدولڕەحیمزادە، نووسەر و دەرهێنەری شانۆ و دوکتور مێهدی رەزایی، کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆ بەڕێوەچوو.
شامحەمەدی رۆڵی ژن و ئاوڕدانەوە لە پرسی ژنانی لە کتێبی مهرگهژین خسته بەر باس و لێکۆڵینەوە. عەبدولڕەحیمزادە دوای ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بەسەر ژیان و بەرهەمەکانی بریا کاکەسووری جەختی لە هەوڵەکانی کاکەسووری بۆ کاری نوێخوازانە کرد و وتیشی کەسایەتی و ناوهرۆکی چیرۆکەکانی ئەو چیرۆکنووسه زۆر لە کۆمەڵگاوە دوور نین و هەر بۆیه کەشێکی گهرم بەسەر فەزای گشتیی چیرۆکەکانیدا زاڵه.
دوایین وتاربێژی کۆڕەکه د.رەزایی تیشکی خسته سەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ڕوونوێنی لە کتێب و وتی لە تهنیشت وەها کۆڕگەلێک دەبێ کۆڕی رەخنە و شیکاریش بۆ ئەو کتێبانه بەڕێوە بچن، ئهگهرنا ئاکامەکەی تەنیا لێشواوی چاپی کتێبه، بێ ئەوەی دەسکەوتێکی ئەوتۆ دەستەبەر بکەن.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا بەرێزان فەتاح ئەمیری و مستەفا ئیلخانیزادە و بریا کاکەسووری پەردەیان لەسەر کتێبی “جومعەکان” و “مەرگەژین” لادا.