لە چەند رۆژی ڕابردوودا کە کارمەندێکی شارەداری ورمێ بە دەستفرۆشیک سووکایەتی دەکا، ئەم کردەوە کۆمەڵێک کاردانەوەی لێکەوتەوە.
دوابەدوای بڵابوونەوەی گرتەویدیۆیەک سەبارەت بە لێدان و سووکایەتی کردنی کاربەدەستێکی شارەداریی ورمێ کە، کەلوپەلی کاسبکارێکی دەستفرۆش تاڵان دەکا، ئەم رووداوە بوو بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی بەرچاوی هەبوو.
کارمەندانی شارەدارییەکانی کوردستان ماوەیەکە گوشاری زیاتر دەخەنە سەر دەسفرۆشانی سەر شەقام و بە بیانووی جۆراوجۆر ڕێگرییان لێدەکەن و ئەوەش لە کاتێکدایە کە چینی کەمداهاتی کوردستان بەهۆی بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کاری باشتر بەناچار روودەکەنە پیشەی دەسفرۆشی.
شایانی باسە، لەو گرتە فیلمەدا دەبیندرێت کە کارمەندێکی شارەداری ورمێ بە بێرێزی کردن و لێدان لە دەسفرۆشێک کەلوپەلەکەشی تاڵان دەکا. ئەم رووداوە قێزەونە لەگەڵ نارەزایەتی چالاکانی مافی شارۆمەندی رووبەروو بۆوە، تا جێگەیەک کە بەرپرسی شارەداریی ورمێ هەڵویستی گرت و لەمبارەوە ڕایگەیاند کە ئەو کارمەندەیان لە کارەکەی هەڵپساردوە و داوای لێبووردنێشی لە دەسفرۆشەکە کرد.