٢٠مین فستیڤاڵی گەلاوێژ بە بەشداری شەش وڵاتی جیهانی، رێکەوتی ٣٠خەزەڵوەر لە شاری سلێمانی دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
فستێڤاڵی گەلاوێژی ئەم ساڵ لە ژێر دروشمی (عەقڵی ئازادی، نەوەیەکی رۆشنگەر) بەڕێوەدەچێت و باس لە ژینۆسایدی کوردو ئەرمەنییەکان دەکرێ و کوردانی وڵاتی ئەرمەنستانیش لەم فستیڤاڵەدا بەشدارییان کردووە.
ئەمسال لە کاتێکدا، ٢٠مین فستیڤاڵی گەلاوێژ بەڕێوەدەچێ کە دوو ساڵە بەهۆی قەیرانی ئابووریی حکومەتی هەریم و هەروەها شەڕی داعش، شیوازی بەڕێوەچوونی ئەم فستیڤاڵە ئەدەبی و رۆشنبیرییە جیاواز لە ساڵانی پێشوو بەڕێوەدەچێ. بەڵام سەرەرای گرفت و لەمپەرەکان، ئەم فستیڤاڵە نێونەتەوەییە لە کاتی خۆی وەکوو ساڵانی پێشوو دەستی بەکار و چالاکییەکانی خوی کرد.
نەوزاد ئەسوەد، سەرۆکی بنکەی گەلاوێژ لەمبارەوە دەڵێت: “قەیرانەکان بەشێوەیەک کاریگەرییان لەسەر فێستیڤاڵی ئەمساڵی گەلاوێژ کردووە، کە ئێمە نەمانتوانیوە وەک پێویست میوان بانگ بکەین و دۆخەکەش وا دەخوازێت. لەلایەکی دیکەوە ھەندێکی دیکە لە میوانەکان خۆیان داوای لێبوردنیان کردووە، كە لەبەر دۆخەکە نایەن، بەتایبەت بەھۆی شەڕی موسڵ”.
وەکوو نەریتی ساڵانی پیشوو لە بەشی تایبەتدا ئەمساڵ رۆژی دووهەمی فستیڤاڵی گەلاوێژ تەرخانکراوە بە لێکۆڵینەوەی ئەدەبیاتی وڵاتی ئەرمەنستان و سەرنجدانی زیاتر بە کارەساتی رەشکوژیی ئەرمەنییەکان. هەر بۆیە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە میوانان و قەڵەمبەدەستانی ئەرمەنی لەمبارەوە پێشوازیی گەرمیان کردووە و خوشحاڵن لە کوردستان وەکوو گەلێکی ئازارچەشتوو دەتوانن لەسەر کارەساتی هەردوو نەتەوەی کورد و ئەرمەنی قسە بکەین و یەکتر باشتر بناسین.
بیستەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی و رۆشنبیریی گەلاوێژ بۆ شێعر، چیرۆک و لێکۆڵینەوە ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و هەر ساڵە بەشێکی بەرچاو لە نووسەران و ئەدەبدۆستانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەم فستیڤاڵەدا بەشداریی دەکەن.