بە پێی ئەو هەواڵەی کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، لە حەوتووی ڕابردوودا کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی “تەرگەوەڕ” لە ناوچەی ورمێ لە رێگەی خۆهەڵواسیینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
بە پێی ئەو هەواڵە، “فەرهاد عەباسپوور”٤٤ ساڵان کە خاوەنی ژن و منداڵە و چەندین ساڵە لە رێگەی کۆڵبەرییەوە بژیوی ژیانی دابین دەکرد؛ بە هۆی کێشە و گرفتی ماڵیی و کەمداهاتی دەستی دایە خۆکوژیی و گیانی لە دەستدا.
هۆکاری خۆکوژییەکان لە کوردستان زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ بێکاری، هەژاری و بێهیوایی بە داهاتوو کە زیاتر خەڵکی گوندەکانی سەرسنووری گرتۆتەوە.
کۆڵبەران کە چینی کەمداهات و هەژاری کۆمەڵگای کوردستانن، بە تایبەتی لە شار و گوندەکانی سەرسنوور ساڵانێکە کە لە رێگەی پیشەی ئاستەم و مەترسیداری کۆڵبەرییەوە خەریکی کاسبین. بەڵام رۆژانە لەگەڵ تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی رێژیم و تەقینەی مین لە کێڵگە مینرێژکراوەکانی کوردستان رووبەروو دەبنەوە.
نەبوونی داهاتی پێوێست و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ناوەندە پێوەندیدارەکان گرفت و کێشەی کۆڵبەرانی دووقات کردووە.
شایانی باسە ماوەیەک لەمەوپیش کۆڵبەرێکی دیکە لە بەر سەخڵەتی کاری کۆڵبەری لە سەرسنوور بە هۆی جەڵدە لێدان گیانی لەدەست دەدا.