بێده‌نگ! قسه مه‌که، شه‌رمه
زۆری لێ‌مه‌ڵێ!
له کۆتایی‌دا بێده‌نگ بوو.
بێده‌نگی ئاڵتوونه و قسه زێوه.
یه‌که‌م وێژه‌کانی له مناڵی‌یه‌وه گوێم لێبوون
هه‌رکات گریابام، پێکه‌نیبام، کایه‌م کردبا
خێرا ده‌یانگوت: “بێده‌نگ”
له قوتابخانه، له‌وێش نیوه‌ی راستی‌یه‌کانیان لێم شارده‌وه.
پێیان گوتم: به تۆ چی، بێده‌نگ به!
یه‌که‌م کچ که ماچم کرد، ئه‌وه‌ی عاشقی ببووم، بۆ ئه‌ویش، پێیان ده‌گوتم:
وشیار به لای که‌س باسی نه‌که‌ی، و سسسس… بێده‌نگ به!
بێده‌نگ به، قسه مه‌که، وا بزانه لاڵی…
ئه‌وه حاڵی من بوو، تا ته‌مه‌نی بیست ساڵی.
ئه‌رێ… قسه بۆ گه‌ورانه
بێده‌نگی بۆ مناڵانه.
خوێنم له‌سه‌ر پیاده‌ڕۆی شه‌قام ده‌دی
” به تۆ چی؟ ” پێیان ده‌گوتم،
” کێشه بۆ خۆت ساز مه‌که ”
دواتر جێگر به‌رپرسی قوتابخانه‌کان، ئه‌وانیش هاواریان ده‌کرد:
“لووت له هه‌موو شتێ وه‌رمه‌ده، وا بنوێنه له هیچ تێناگه‌ی، بێده‌نگ به”
زه‌ماوه‌ندم کرد. بوومه خاوه‌ن کۆشێک مناڵ.
هاوژینه‌که‌م خاتوونی ماڵ، ژنێکی گه‌لێک رێزدار بوو، ده‌یزانی بێده‌نگ بێ، عاشقی کار بوو
دایکه‌که‌ی ئافره‌تێکی تێگه‌یشتوو بوو، به‌رده‌وام پێی ده‌گوت: بێده‌نگ، کڕ به.
ساڵانی که‌بیسه‌ش، دایک و باوکم، دراوسێکان، گشتیان ئامۆژگارییان کردم:
“خۆت له هیچ شتێ هه‌ڵمه‌قووتێنه، هیچت نه‌دیوه، وا بنوێنه، هیچ… بێده‌نگ به”
ره‌نگه له‌گه‌ڵ ئه‌وان شتێ که مایه‌ی به‌غیلی بێ له گۆڕێ‌دا نه‌بوو،
له‌گه‌ڵ دراوسێکان، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی یه‌کگرتوو کردبوو، بیده‌نگی، کڕ به بوو.
تۆ بێده‌نگ، ئه‌و بێده‌نگ، سه‌رێ بێده‌نگ، خوارێ بێده‌نگ
بێده‌نگی ته‌واوی ماڵه‌کان، له بینا چوارگۆشه‌کان
بێده‌نگی شه‌قامه قائیمه‌کان
بێده‌نگی رێگا و کۆڵانه هاوته‌ریبه‌کان
هه‌ر هه‌موومان زمانی خۆمان قووت دابوو.
گشتمان زمانمان هه‌بوو، ده‌نگمان لێ‌بڕابوو
بۆیه، کۆمه‌ڵه‌ی “خامۆشه‌کان”یشمان تۆمار کرد
پۆلێک، زۆرێک کۆ بووینه‌وه
ته‌واوی شار، هێزێکی مه‌زنی ته‌یار، به‌ڵام که‌ڕ و لاڵی بێ‌ده‌مار!
هه‌ڵبه‌ت ژماره‌یه‌کیش سه‌رکه‌وتنمان مسۆگه‌ر کرد
گه‌یشتینه ئامانج
به میداڵ خه‌ڵات کراین
هه‌موو شتێک، زۆر له‌وه زیاتر.
فره هاسان، ته‌نیا به بێده‌نگی
ئاخ، هونه‌رێکی سه‌یره بێده‌نگی
بۆیه، ژنه‌که‌ت فێربکه، بێده‌نگ بێ، مناڵه‌که‌ت، خه‌سووت
ئه‌گه‌ر کاتێکیش هه‌ستت کرد پێویسته قسه بکه‌ی، زمانت له بنه‌وه‌ڕا ببڕه
ئه‌ویش بێده‌نگ بکه
بیبڕه له ریشه و ره‌گه‌وه
بیهاوێ به‌ر ده‌می سه‌گه‌وه.
یه‌که‌م ئه‌ندامی بێ‌که‌ڵکی جه‌سته‌ی تۆیه، له‌و وه‌خته‌وه ناتوانی که‌ڵکی پێویستی لێوه‌رگری
ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره بکه‌ی، تووشی خه‌ونی ترسناک نابی، شک و گومانه‌کان، خه‌مه‌کانت ده‌ڕه‌ونه‌وه،
ئیتر شه‌رم له مناڵه‌که‌ت ناکه‌ی، رزگاریت دێت له ده‌ست بوغزێ که قسه بکه‌ی.
بێ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌کت کردبێ، بڵێی: “هه‌قتانه، منیش وه‌کوو ئێوه بیرده‌که‌مه‌وه”
ئاخ! چه‌نده حه‌زم ده‌کرد هه‌ی قورمساغ.
گوتبێتت تاکه قسه‌یه‌ک
بوویه‌ته زۆربڵه‌یه‌ک
به‌درۆ دواندن بۆ فریودان، له‌جیات گوتنی قسه‌یه‌ک،
زمانت ببڕه. هه‌رچی خێراتر بیبڕه.
کاتێکی زۆرت به‌ده‌سته‌وه نییه
ببه به لاڵێک.
وه‌ختێک هیچ ناوێژی، باشتره بوێر بی و زمانت ببڕی و ده‌ری‌هاوێژی.
بۆوه‌ی له پلانه‌کان‌دا، له خه‌ون و خه‌یاڵه‌کان‌دا، کارچاک بم
زمانم له‌نێوان هه‌نیسک‌دان و رق‌ئه‌ستووری‌دا راده‌گرم
چونکه پێموایه، ساتێ دادێ، ئیتر خۆم ناگرم
ده‌ته‌قم، ترسم نامێنی، هومێدوار ده‌بم و هه‌ر چرکه‌یه‌ک گه‌رووم پڕ ده‌بێ له پیت، سرته، بوغز، گریان و هه‌نیسک که پێم‌ده‌ڵێ:
قسه‌بکه!….
شێعری عه‌زیز نه‌سین، یانیس ریچۆس له تورکی‌یه‌وه وه‌ریگێڕاوه‌ته‌وه سه‌ر یونانی.
وه‌رگێڕانی له یونانی‌یه‌وه: عه‌لی فه‌تحی
لە ژماره ٦٩٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه