خاتوو تووران بوجار، ناسراو بە گوڵزار، هاوسەری شەهید باباشێخ حیسامی لە شاری سنە کۆچیدوایی کرد.
دایە گوڵزار، هاوسەری شەهید باباشێخ حیسامی، کادری بەوەج و ناسراوی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ناوچەی سەقز و بانە بوو. شەهید بابا شێخ حیسامی کە ڕۆژی 7ی بانەمەڕی ١٣٥٩ بە پڕیشکی خومپارەی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار ببوو، ڕۆژی ٩ ی بانەمەڕ دڵە پڕ هەستەکەی لە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد لە لێدان کەوت و هەر لە شاری پێشەوا قازی محەممەد بە ئامێزی دایکی نیشتمان سپێردرا.
دایە گوڵزار، خاتوونێکی تێگەیشتوو و لە بنەماڵەیەکی ناسراو بوو، ئەو منداڵەکانی بە ڕوحی بەرگری و نەتەوەیی گەورە کرد، هەر ئەوەش بوو کە سالار حیسامی، یەکێک لە کوڕەکانی بەرگی پێشمەرگایەتی لەبەر بکا و بێتە ناو ڕیزی تێکۆشەرانی نەتەوەکەیەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری خاتوو تووران بوجار دەکا و خۆی بە شەریکە خەمیان دەزانێ.