پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی ٢٨ی خەزەڵوەر، رێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی مامۆستا مەلا محەممەد عوسمانی پێشمەرگەی لەمێژینەی حیزب لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.
لەو رێورەسمە ماتەمینەدا کە بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان وکادر و پێشمەرگەکانی هەر دوو لایەنی دێموکرات تێیدا بەشدار بوون، سەرەتا هاوڕێ مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێکی سەبارەت بە ژیان و خەباتی خواڵێخۆشبوو مامۆستا مەلا محەممەد عوسمانی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و لە درێژەی قسەکانیدا مامۆستا مەلا محەممەد عوسمانی بە نموونەیەک هێناوە کە هەم هەڵگری بیری ئایینی بوو، هەم خاوەنی هەستی بەتینیی کوردایەتی و هیچکات ئاینن نەبۆتە رێگرێک لەسەر درێژەدان بە خەبات و خزمەت کردن بە گەل و نیشتمانەکەی.
دوابەدوای قسەکانی هاورێ مستەفا مەلوودی، “خاتوو فاتمە عوسمانی”، یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی مەلا محەممەد عوسمانی بە یادکردن لە باوکی تێکۆشەرو شۆرشگێری، سپاس و پێزانینی بنەماڵەکەی پێشکەش بە ئامادەبووان و هاوسەنگەرانی کرد.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە مامۆستا مەلا محەممەد عوسمانی کەسایەتی خۆشناوی ئایینی و شۆڕشگێری بەورە و بەوەجی دیمۆکرات، لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی (١٩٦٤ی زایینی)یەوە، هاتە ناو ڕیزی ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان. شەرتو پەیمانێک کە مامۆستا مەلا محەممەد لەو ساڵەوە لە گەڵ حیزبی دیموکرات بەستی، بۆ ماوەی زیاتر لە پەنجا ساڵو هەتا دوا هەناسەی ژیانی، لە جێی خۆی مایەوە. ئەو هاوڕێ تێکۆشەرو نیشتماندۆستە، بەرەبەیانی رۆژی ٥شەممە بە هۆی نەخۆشیەوە لە تەمەنی ٨١ ساڵەیی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.