بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان و کورد ،رۆژی هەینی ٢٨ی خەزەڵوەر، لە شاری بانە هەڵمەتێکی ژینگەپارێزانە بەڕێوەچوو.
لەو چالاکییە مەدەنییەدا، ژینگەپارێزانی ئەنجومەنی “پاژین” و لقی ساوانی پاژین، هەروەها بە هاوکاری و بەشداری کردنی چەند کەس لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانی و ژینگەپارێزی سامڕەندی نەغەدە، هەڵمەتی خاوێن کردنەوەی سەیرانگای دەشتی ساوانی بانە، لە زبڵ و پاشماوەی سەیرانچیان بەڕێوەچوو.
ئەم هەرەوەزە مەدەنییە لە درێژەی کار و چالاکیی ژینگەپارێزانی کوردستانە کە خۆیان بەرانبەر بە ژینگەی وڵات بە ئەرکدار دەزانن و دەیانهەوێ پاراستنی ژینگە ببێت بە کەلتوورێکی بەرز لە نێو کۆمەڵگادا. چوارشەممەی ڕابردووش ژینگەپارێزانی کەنگاوەر لە هەڵمەتێکی هاوشێوە پەرستگەی “ئاناهیتا”یان لە زبڵ و زاڵ خاوێن کردەوە.