کچە خوێندکارێکی کورد رۆژی سێشەممە بەرانبەر بە ٢٥ی خەزەڵوەر بە هۆی ڕووداوێکی نادیار گیانی لە دەست داوە و تا ئێستا لەم بارەوە زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.
بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی موکریان، بەرپرسی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بە پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی گیان لە دەستدانی کچە خویندکارێک ڕایگەیاند: لە سەر هۆکاری مردنی ئەو خوێندکارە جارێک خەریکی لێکۆڵینەوەین و وێدەچێ لە سەر کێشەی تاکەکەسی بووبێت و دەبێ زیاتر لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ.
بە پێی هەمان سەرچاوە، ئەوکچە خویندکارە خەڵکی شاری قوروەیە کە رۆژی یەکشەممە بە هۆی رووداویکی نادیار رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێ و دوای دوور رۆژ لە نەخۆشخانە گیان لە دەست دەدا.
سووتاندن و تیزاب پرژاندن ، لە کێوی ئاویەر یان لە بەر دەرگەی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە چەند دەنگۆیەکە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بۆوەتەوە بەڵام تا ئێستا بە شێوەی رەسمی هیچکام لەوانە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
مەرگی گوماناویی ئەم کچە کوردە دیسانەکە مەرگی چەند خویندکاری کچی دیکەی لە زانکۆەکانی ئێران خستووتەڕوو، کە لە یەک دووساڵی رابردوودا، ڕوویان داوە.
هەمووجارێک بەرپرسانی زانکۆکان لە وەڵامی راست و دروست لەم بارەوە، خۆ دەبوێرن.