جان بۆڵتۆن ،نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ: ڕێکەوتنی ناوکی لە گەڵ رێژیمی ئێران کارەسات و هەڵەیەکی ستراتێژیک بوو، کە لە دەوڵەتی باراک ئۆبامادا رووی دا و پێویستە لە دەوڵەتی تازەی ئەمریکادا ئەو ڕێکەوتنە هەڵوەشێتەوە.
نوێنەری پێشووی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکدا بۆ فاکس نیوز وتی: لەبەین بردنی داعش و مەترسییەکانی رێژیمی ئێران و شێوە مامەڵە کردن لە گەڵ رووسیەو چین لە بەرچاوترین کارەکانی دەوڵەتی نوێی ئەمریکای و سەرکۆماری تازەیە.
جان بۆڵتۆن کە لە بەربژێرانی کابینەی دۆناڵد ترامپ”ە، لە درێژەی ئەو وتووێژەدا رایگەیاند؛ دەوڵەتی ترامپ دەبێ هەوڵ بدا هەڵەکانی دەوڵەتی ڕابردوو چارەسەر بکا . ناوبرا لەسەر پرسی سووریەش بە ئاماژە بە داعش و دەستێوەردانی ئێران لە وڵاتەدا گوتی؛ دەبێ بەربەرەکانی بۆ لەناوبردنی داعش بە جۆرێک بێ کە ریژیمی تاران و دەمشق کەمترین بەرژەوەندییان لەم بارەوە دەس بکەوێ.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کاردانەوە جیاجیاکانی بەرپرسانی رێژیمی تاران دوای سەرکەوتنی ترامپ، دەرخەری ئەوەیە کە تاران لە بەڕێوەنەچوونی ڕیکەوتنی ناوکی و “بەرجام” هەروەها پرسی سووریە، لە دەوڵەتی نوێی ئەمریکا نیگەرانە.
رۆژنامەی “شەرق” لەم بارەوە نووسیویەتی: هاتنەسەرکاری کەسانێک وەکوو “جان بۆڵتون،گینگریچ و جولیانی” کە روانگەی دژە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان هەیە، نیشان لەوەیە دەوڵەتی تازەی ئەمریکا بەتەمای زەخت خستنەسەر کۆماری ئیسلامی و گۆڕینی شیوە سیاسەتی نەرمی دەوڵەتی “ئۆباما”یە. رۆژنامەی شەرق لە درێژەی بابەتەکەیدا دەنووسێ: ئەو سێ کەسە بەڕاشکاوی دژبەری نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران و پاڵپشتی ئۆپوزسیونن.