بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان و کورد، رۆژی سێشەممە بەرانبەر بە ٢٥ی خەزەڵوەر، هاوسەری شەهید شاپوور فیرووزی و دایکی شەهید “ئەردەشیر فیرووزی” بە ناوی “ئێران شەریفی” لە شاری کامیاران بە هۆی نەخۆشیەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
خاتوو ئێران شەریفی جگەرسووتا، کە خەمی لە دەستدانی مێرد و کوڕەکەی لە ناخدا بوو، لە ماوەی تەمەن بەسەر بردنی لە کامیاران لە ئەوپەڕی هەژاری و دەسکورتیدا، زۆر سەربەزیانە ژیا. خۆڕاگریی و ناسراوی هاوسەری ئەو خاتوونە واتە فەرماندە شاپوور فیرۆزی بوو بە هۆی ئەوەیکە خەڵکی ئەمەگناسی کامیاران بەشێوەیەکی بەرچاو لە رێوڕەسمی بەڕێکردن و ناشتنی ناوبرا بەشداریی بکەن.
شەهید شاپوور فیرووزی ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزب، یەک لە فەرماندەرە حەماسەخوڵقێن و چاونەترسەکانی دێموکرات بوو،کە، زنجیرەی عەمەلیاتی هێزی بیێستوون بە فەرماندەریی ناوبراو لە تۆلە ٥٩لاوی ئێعدامکراوی مەهابادی بە دژی رێژیم بەناوبانگە.
شاپوور فیرووزی فەرماندەی هێزی بیستۆن، لە ساڵی ١٣٧١ لە باشووری کوردستان شەهید کرا و، هەروەها ئەردەشیر فیرووزی”ش لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە تێکهەڵچوونێک شەهید دەبێ و دەچنە رێزی کاروانی نەمرانەوە.
ناوەندنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وێڕای پێشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی لە بنەماڵە و سەرجەم کەسوکاری خاتوو ئێران شەریفی،
خۆی بە هاوخەمی خەمیان دەزانێ.