لە تازەترین بڕیارنامەی رێکخراوی نێونەتەوەییدا بە لە بەرچاوگرتنی دۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتی سووریە، بە ١١٦دەنگ بەشداری کردنی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لەو شەڕەدا مەحکووم کرد.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەسپێکی ئاڵۆزییەکانی وڵاتی سووریە بۆتە بەشێک لە شەڕ و ناکۆکییەکان و ، لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە تا ئێستا چەندین جار بە کوشتنی خەڵکی بێتاوان و پێشێلکردنی چوارچێوەکانی مافی مرۆڤ تاوانبار کراوە.
دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچە بەتایبەتی سووریە لە کاتێک دایە کە سەرەتا بەرپرسانی باڵای نیزام هەرچەشنە دەستێوەردانێکیان لەم بارەوە ڕەد دەکردەوە، بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوودا بە گرژبوونی دۆخی سووریە کاربەدەستان دانیان بەوە داناوە و خۆیان بە پاڵپشتی رێژیمی بەشار ئەسەد ناساندووە. بەرپرسی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی عەلی لاریجانی لەم بارەوە رایگەیاند کە “بەشار ئەسەد” هێڵی سووری نیزامی کۆماری ئیسلامییە و لە هەموو ڕێگایەکەوە پشتیوانی لێدەکەین.
جێی ئاماژەیە کە ریکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تازەترین بریارنامەی خۆیدا بەشداری و دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە شەڕی سووریە مەحکووم کرد.
ئەمریکا، بریتانیا، ئۆسترالیا،فەرانسە، تورکیە، بەحرەین، کوەیت، ئۆردۆن، قەتەر و عەرەبستانی سعوودی لەو وڵاتانەن کە لەم بارەوە سکاڵایان پێشکەش بە رێکخراوی نەتەوەکان کردووەو، گەڵاڵەی مەحکووم کردن و رێگریی کردن لە ئێرانیان داڕشتوە.
نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بارەوە رایگەیاند کە هەڵوێستی ئەو وڵاتانە، هیچ کارتێکەرییەکی لە سەر هاوپەیمانیی ئیران و دەوڵەتی بەشار ئەسەد نییە.
شایانی باسە کە سپای پاسداران لە ژێر ناوی “مدافعین حرم”، هێزیکی زۆری رەوانەی سووریە کردووەو تا ئیشتاش پتر لە سەدان پاسدار و فەرماندەی لە شەڕی سووریە کوژراوە.