سەلاحەددین دەمیرتاش و زەیدان دوو رێبەرو نوێنەری پارتی دێموکراتیکی گەلان کە ماوەیەکە دەسبەسەرکراون، رەوانەی زیندانی ئەلقاعیدەییەکان کران.
پۆلیسی دەوڵەتی دەسەڵاتداری تورکیە بە مەبەستی زەخت و گوشاری زیاتر بەسەر نوێنەران و رێبەرانی دەسبەسەرکراوی هەدەپە دوو کەس لەوانەی بۆ شوێنی راگرتنی تێرۆریستەکانی ئەلقاعیدە گواستۆتەوە.
بە پێی هەواڵەکان دەمیرتاش هاوسەرۆکی “هەدەپ” و عەبدۆڵڵا زەیدان نوێنەری پارلەمان گواستراونەتەوە بۆ زیندانی “تیپ ئیف” لە ئادێرنەو، وا باس دەکرێ کە لەو بەندەدا زیندانیانی ئەمنییەتی و توندئاژۆ ڕاگیراون.
شایانی باسە لە هێرشێکی بەربڵاودا لە ڕێکەوتی ٤ی نوامبر لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەشێکی بەرچاو لە رێبەران و نوێنەرانی پارتی دێموکراتیکی گەلان دەسبەسەرکران و ئەم کردەوە نادێموکراتیکە لە سەرانسەری جیهان کاردانەوە و نارەزایەتی زۆری لێکەوتەوە.
جێی ئاماژەیە کە دەوڵەتی تورکیە دەسبەسەرکراوانی “هەدەپە” بە پاڵپشتی کردن لە پارتی کرێکارانی کوردستان تاوانبار کردووە.