بە پێی هەواڵی گەیشتوو رۆژی دووشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر لەوەڕگەو بێشەڵانی ناوچەی “بناجاڕ” لە شاری جوانڕۆ ئاگری تێبەردەبێ و، زیاتر لە دوو هیکتار لە ژینگەی ئەو ناوچەیە دەسووتێ.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە پاش دوو کاتژمێر بە هەوڵ و تەقالای خەڵکی مەدەنی و چالاکانی ژینگەپارێز، ئاگرەکە کوژێندرایەوە و وەک هەمێشە بەرپرسانی ناوەندی پێوەندیدار بە کەمتەرخەمییەوە هەڵسوکەوتیان کردوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە لە سەرەتای ئەمساڵدا تا ئێستا هەشت جار ئاگر لە لێڕەوار وبیشەڵانەکانی ناوچەی جوانرۆ بەردراوە و، زیاتر لە ۲۷هێکتار لە ژینگەی ئەو ناوچەیە بۆتە قوربانیی ئاگر کەوتنەوەکان.
چالاکانی ژینگە پارێزی کوردستان و ژینگەپارێزانی شاری جوانڕۆ لە دامرکاندن و کەمکردنەوەی خەساری ژینگەیی بە تێکۆشانی خۆیان دەور و ڕۆڵی باشیان هەبووە.
ژینگە پارێزان جێا لە فریاکەوتنی ناوچە ئاگر تێبەردراوەکان ، لە هەوڵی بووژانەوەی شوێنە سووتاوەکانن و، وەک لە هەواڵەکانی کوردستان وکورددا باس کرا، لە چەند رۆژی رابردوو خوێندکاران و ژینگەپارێزانی مەریوانی لە هەڵمەتێکی ژینگەپارێزیدا زیاتر لە ٥٠٠کاکڵە بەڕوویان لە شاخی سووتاوی قولە ئیمام چاندوە.