کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لەسەر دۆخی نالەباری ٥ ژنی دەسبەسەرکراوی کورد ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە.
ئافسانەی بایزیدی ،هاجەر پیری،سوهەیلا مینایی،سوادبە حەسەنخانی و فەریدە خۆشنام ٥ ژنی سیاسی و دوورخراوی کوردن، کە لە هەلومەرجێکی نالەبار لە زیندانی کرمان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبە رۆژهەڵاتییەکان ڕاگیراون.
ئەم دەسبەسەرکراوانە لەماوەی زیندانی کردنیاندا لە پێدانی مورەخەسی و چاوپێکەتن لە گەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.
شایانی باسە زۆربەی دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە شاری خۆیان دووردەرخرێنەوەو، لە مافی مورەخەسی وچاوپێکەتن لە گەڵ بنەماڵەکانیان هەروەها مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش دەکرێن.
ناونیشانی ٥ژنی سیاسیی کورد کە بۆ زیندانی کرمان دوورخراونەتەوە بریتین لە؛
ئەفسانەی بایزیدی چالاکی خوێندکاری و، زیندانی سیاسیی خەڵکی شاری بۆکانە کە بە تاوانی هەوڵدان بەدژی ئاسایشی نەتەوەیی و هاوکاریی کردن لە گەڵ حیزبە رۆژهەڵاتییەکان لە دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە ٤ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی کرمان سزا دراوە.
هاجەرپیری زیندانی سیاسی٣٣ساڵان وخەڵکی شاری نەغدە نزیک بە ٩ساڵە دوورخراوەتەوە، ناوبرا بە تاوانی ئەندام بوون لە حیزبێکی بەرهەڵستکاری رێژیم ، ١٧ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوەو، ئێستاش لە زیندانی شاری کرمان راگیراوە.
سوهەیلا مینایی ٢٧ساڵ تەمەن و خەڵکی شاری دیواندەرە، سالێک لەوەپێش دوای دەسبەسەرکرانی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری دیواندەرە بە تاوانی هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و هاوکاری کردن لە گەڵ حیزبە رۆژهەڵاتییەکان ٣ساڵ زیندان و دوورەخرانەوەی لە شاری خۆی بەسەردا سەپا و، ئیستاش لە زیندانی کرمان دایە.
سوودابە حەسەنخانی ئەندازیاری کامپیوتەر و خەڵکی شاری بیجارە کە لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنە بە تۆمەتی سیخوڕی کردن بۆ وڵاتێکی دیکەو تەبلیغ بە دژی نیزام” ٩ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە.
دوورخستنەوەی سوودابەی حەسەنخانی بۆ زیندانی کرمان لە کاتێکدایە کە لە پەروەندی ناوبراودا دوورخستنەوە وەکوو سزا نەهاتبوو.
فەریدە خۆشنام، خەڵکی شاری تیکاب ساڵی ٨٤ی هەتاوی لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەرو بە هۆی لێدان وئەشکەنجەی زۆرەوە چاو ولاقێکی زیانی سەختی لێکەوتووە. ناوبرا بە تاوانی هەوڵدان بە دژی ئەمنیەتی نەتەوەیی بە ١٤ساڵ زیندان و لێدانی ٨٠ قامچی سزا دراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی چالاکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکاران لە زیندانیانی سیاسی، ٥ ژنی دوورەخراو و دەسبەسەرکراوی کورد لە شاری کرمان بە هۆی دووربوون لە بنەماڵەو نەبوونی مەرەخەسی و گوشارو ئەشکەنجەی جستەیی و رۆحی لە دۆخێکی نالەباردا دەژین ومافە سەرەتاییەکانیان رۆژانە پێشل دەکرێ.