بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، رۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر “حسێن محەممەدی ئەسڵ” کارمەندی شارەوانی مەهاباد لە رێگەی خۆکوژییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ناوبراو کارمەندی شارەداریی مەهابادە و ژن ومنداڵی هەیە ، بە گوێرەی زانیارییەکان لەم بارەوە بە هۆی گوشاری ئابووری ودەسکورتی پەنا بۆ خۆکوژی دەباو بە لێدانی دەماری دەست، کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێ.
شایانی باسە لە چەند رۆژی رابردوودا لاوێکی خەڵکی سەقز تەمەن ٢٣ساڵان ئاگر لەجستەی خۆی بەردەدا، کە بەفریاکەوتنی خەڵک و کوژاندنەوەی ئاگرەکە رەوانەی نەخۆشخانەیەک لەسنە دەکرێ. کارەساتی خۆکوژی لە کوردستان بۆتە دیارەیەکی کۆمەڵایەتی وهۆکارەکانی دەگەڕیتەوە بۆ هەژاری وبێکاری وبێ هیوایی بە داهاتوو. کارناسانی بواری کۆمەڵناسی ئەم دیاردەیە بە مەترسیدار دەزانن و لە کەمتەرخەمی و ئاوڕنەدانەوەی ناوەندەکانی پێوەندیدار بۆ ئەم دیاردەیە رەخنەی زۆریان هەیە.
جێگەی باسە لە حەوتووی رابردوودا ، لە شارە جیاجیاکانی کوردستان ٤ کەسی دیکە دەستیان داوەتە خۆکوژی و لەم رێگەوە گیانیان لە دەستداوە.
خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە دیاردەی کارەساتباری خۆکوژییەکان لەکوردستان منداڵانی تەمەن خواریشی گرتووتەوە.