بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان و کورد فەریبا قازی کچی مستەفا قازی خوشکی شەهید عەلی قازی، کە چالاکێکی بواری مافی ژنان و هەروەها هەڵسووڕاوێکی سیاسی و ڕووناکبیری بوو، لە ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر بە هۆی نەخۆشینەوە لە وڵاتی ئۆسترالیا کۆچیدوایی کرد.
خاتوو فەریبا لە دایکبووی ساڵی ١٣٤١ی هەتاوییە کە بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە لە ساڵی ١٣٦٢ بۆ ماوەیەک دەسبەسەردەکرێ، ناوبراو سەر بە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێرو کوردپەروەرە و باوکیشی کادری حیزب بووە و هەروەها برای ئەو خاتوونە واتە شەهید عەلی قازی، لە شەهیدانی سەربەرزی گەلەکەمانە.
فەریبا قازی بەهۆی گوشاری هێزەکانی ئیتلاعاتی رێژیم تەرەبووی هەندەران دەبێو ، لە دوورە وڵات درێژە بە چالاکییەکانی خوی دەدا و لە بواری ژنان و بەرزکردنەوەی ئاستی رووناکبیری کۆمەڵگای ژنانی کوردستان تێدەکۆشێ و، هەتاسەر کوردخوشەویست و بە رێبازی پێشەوا قازی محەممەد وەفادار مایەوە.
شایانی باسە بەسەرهاتی خەمناکانەی فەریبا قازی لە گرتووخانەی رێژیم لە لایەن مەریم قازی خوشکی خوالێخۆشبوو کراوە بە چیرۆکێکی دڵتەزێن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای دەربڕینی خەم وپەژارە لەم بارەوە، هەروەها پرسە وسەرەخۆشی کردن لە سەرجەم بنەماڵەو کەسوکاری خاتوو فەریبا قازی، خۆی بە هاوخەمی خەمیان دەزانێ.