خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان بە هاوکاری و هاوشانی بەشێک لە ژینگەپارێزانی ئەو شارە هەڵمەتێکی ژینگەپارێزییان بەڕێوەبرد.
لەو چالاکییە ژینگەییەدا، خوێندکارانی کوردی زانکۆی پەیام نوور و بەشیک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، بە مەبەستی زیندووکردنەوەی دارستانە سووتاوەکان و بووژانەوەی ژینگەی ئەو شارە زیاتر لە ٥٠٠ بەڕوویان لە بەرزاییەکانی قولە ئیمام چاند. لە درێژەی هەوڵ و چالاکییەکانی خوێندکارانی زانکۆی پەیام نوور، بە دامەزراندنی “کانوونی ژینگە” و بە پاڵپشتیی “فێرگەی زمانی کوردی”، لە هەڵمەتێکی سروشتدۆستانەدا دوای ماندووبوونێکی زۆر و دۆزینەوەی زیاتر لە ٥٠٠ کاکڵەی بەڕوو، سەرلەنوێ لە ئەو بەڕووانەیان لە دواێنی کێوی قولە ئیمام چاندەوە.
شایانی باسی بێشەڵان و دارستانەکانی شاخی قولە ئیمام لە چەند ساڵی رابردودا، بە هۆی ئاگرکەوتنەوەی پەیتاپەیتا خەساری زۆری لێکەوتووە و هەربۆیەش ژینگەپارێزانی کورد لە هەوڵدان بۆ سرێنەوەی ئەو خەسارە ژینگەییەن.
جێی ئاماژەیە “کانوونی ژینگە”، ئەنجوومەنێکی ژینگەپارێزییە سەربە زانکۆی پەیام نووری مەریوان، کە لە دوو ساڵی رابردوودا، چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی زانستی بە مەبەستی پەرەپێدان بە ژینگەپارێزی لە زانکۆی مەریوان بەڕێوەبردووە.