له ماوه‌ی ٢ ساڵی ڕابردوودا له سه‌رده‌شت به هۆی پووچه‌ڵكردنه‌وەی مین، كه‌سێك گیانی له ده‌ست داوه و ٦ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.
ئه‌شكان مه‌هده‌وینیا، سه‌رپه‌رستی فه‌رمانداریی شاری سه‌رده‌شت له وتووێژێكدا ڕایگه‌یاند، نزیك به 2 هه‌زار هێكتار له زه‌وییه‌كانی ئه‌م شاره مینڕێژ كراون.
هه‌روه‌ها ناوبراو گوتی: “له عه‌مه‌لیاتی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مین له سه‌رده‌شت به هۆی ته‌قینه‌وەی مین، كه‌سێك گیانی له‌ده‌ست داوە و ٦ كه‌سیكی دیكه‌ش برینداربوون”.
مه‌هده‌وینیا ده‌ڵێ: “سه‌ره‌ڕای بوونی هێماكانی مین له ناوچه مینڕێژكراوه‌كانی شاری سه‌رده‌شت، بە هۆی زۆربوونی کێڵگە مینڕێژاکراوەکان هێشتا خه‌ڵك له‌م ناوچانه ده‌كه‌ونه سه‌ر مین و ده‌كوژرێن یان كه‌م‌ئه‌ندام ده‌بن.
له هه‌واڵێكی دیكه‌دا، لاوێكی ته‌مه‌ن ٢٣ ساڵانه‌ی خه‌ڵكی ئاوایی سه‌ردووشی مه‌ریوان به هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مینی به‌جێمای شه‌ڕی نێوان ئێران و عێراق به توندی بریندار ده‌بێ و ئێستا له نه‌خۆشخانه‌ی بوعه‌لی تەندروستی ناجێگیرە.
شایانی باسه كه مینی چێندراوی سه‌رده‌می شه‌ڕی نێوان ئێران و عێراق له ناوچه سنوورییه‌كان هێشتا ماونه‌ته‌وه و به پێی ئاماره‌كان له ناوچه‌ی سه‌رده‌شت زیاتر له ١٦ میلیۆن مینی چێندراو هه‌یه. كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامیی ئێران له حاڵێكدا باس له پاككردنه‌وه‌ی ناوچه مینڕێژه‌كان ده‌كه‌ن كه نه ته‌نیا ئه‌مه ڕاست نییه به‌ڵكوو له لایه‌ن هێزه‌كانی سپای پاسدارانەوە به‌شێكی هه‌ره زۆری ئه‌م ناوچه سنوورییانه له ترسی هاتنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به مین چێندراون.