سێ ئەندامی دیکەی سەر بە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەڕی سووریەدا کوژران. بە پێی ڕاپۆرتی کاناڵی “الجزیرە”، رۆژی ٢٣خەزەڵوەر، سێ ئەندامی دیکەی سپای پاسدارن لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی سووریە کوژراون.
بە پێی ئەو راپۆرتە محەممەدحسێن بەشیری، جەواد جیهانی و حسێن حەریری کە سێ کەس لە ئەندامانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیین و ماوەیەکە بەشداری شەڕی سووریەن، دوێنی یەکشەممە ٢٣ خەزەڵوەر لە دەوروبەری شاری حەڵەب دەکوژرێن.
جەواد جیهانی دامەزرێنەری ناوەندی هونەری خوراسانە کە لە شاری حەلەب کوژراوە. ناوەندی هونەریی خوراسان دامەزاروەیەکی سپای پاسدارانە کە بە مەبەستی پەرەپێدان بە سیاسەت و پلانەکانی سپای پاسداران بە تایبەتی لە نێو لاوان و مێرمنداڵان دامەزراوە.
جێی وەبیرهێنانەوەی لە دەسپێکی شەڕ و ناکۆکییەکانی وڵاتی سووریە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواویی پاڵپشتی لە دەوڵەتی بەشار ئەسەد کردووە و بۆتە بەشێک لە ئاڵۆزیی و پشێویی سووریە و جیا لە پشتیوانیی ماڵی کردن لە بەشار ئەسەد بە هەزاران کەس لە هێزەکانی سپای پاسدارانی لە ژێر ناوی “مدافعان حرم”ی رەوانەی ئەو وڵاتە کردووە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە تەنیا لە ساڵی رابردوودا نزیک بە ٣٢٠ کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران لە شەڕی سووریەدا کوژراون.