هەواڵەکان باس لەوە دەکەن لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا، چوار منداڵ لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پەنایان بۆ خۆکوژی بردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، رۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، سەعید عەلیپوور تەمەن ١٧ساڵان، خەڵکی گوندی ئیندرقاش، سەربە شاری مەهاباد لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە گیانی لەدەسدەدا. هەروەها لە حەوتووی ڕابردوو مناڵێکی تەمەن ٨ساڵان بەناوی گزینگ ماندگار خەڵکی گوندی لەج سەربە شاری مەهاباد بە هەڵواسینی خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی خۆکوژی ئەم کچە ئاشکرا نەکراوە.
لە هەمان رۆژ، لە شاری پیرانشاریش گەنجێکی تەمەن ٢٧ساڵ لە رێگەی خۆکوژییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
هەروەها لە رۆژی پێنجشەممە بەرانبەر بە ٢٠ خەزەڵوەریش ژنێکی خەڵکی حەسەنئاوای دیواندەرە بە ناوی سەعادەت رەزایی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردەداو پاش چەند رۆژ لە نەخۆشخانەیەک لە ورمێ گیانی لە دەست دەدا.
دیاردەی کارەساتباری خۆکوژییەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا رۆژبەدوای رۆژ زیادی کردوەو هەرچەند وەخت جارێک هەواڵێکی دڵتەزێنی لەم چەشنە بڵاو دەبێتەوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ڕادەی خۆکوژییەکان لە کوردستان، زیاتر گوندەکان و شارەکانی سەرسنووری گرتۆتەوە و قوربانییەکانی کارەساتی خۆکوژی سەربە چینی کەمداهات و دەسکورتی کۆمەڵگان.
هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی ڕادەی خۆکوژییەکان لە کوردستان گوشاری ئابووری، بێکاری و دەسکورتی و کێشەی بنەماڵەیی لەبەرچاوترین هۆکارەکانن، لەگەڵ ئەمەش زاڵبوونی بیری پیاوسالارانە و خەسارەکانی تەڵڵاق لە هۆکارەکانی خۆسووتاندنی ژنان لە کوردستانە.