ڕۆژی هەینی رێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەر، کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ، مەولوود سوارە نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ئەنترناسیونالی سۆسیالیست، سەردانی بنکەی سەرەکیی ئەو رێکخراوەی کردو، لەلایەن لویس ئەیالا سکرتێری “ئێس ئای”یەوە پێشوازی لێکرا.
سەرەتای دیدارەکە لویس ئەیالا باسی لە دوایین کار و چالاکی و هەلوێستەکانی “ئێس ئای”و هەروەها دوایین رووداوەکانی دونیا و بەتایبەت پرسی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی لە وڵاتی ئەمریکا کرد.
کۆنگرەی ٢٥ی ئەنترناسیونالی سۆسیالیست کە لە چەند مانگی داهاتوودا دەبەسترێت، پرس و راوێژ و ئامادەکاری بۆ ئەو کۆنگرەیە، تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەو دانیشتنەی پێکهێنا.
لە بەشێکی دیکەی ئەو دانیشتنە، باسی کورد بەگشتی و دوایین رووداوەکانی تورکیە و دەستبەسەر کرانی هاوسەرۆکەکان و نوێنەرانی پارتی دێموکراتیکی گەلان(هەدەپە) و هاورێیانی، کەوتە بەر باس و ڕاوێژ، کە هەردووک لا هاودەنگ ئەو کردەوەی حکوومەتی تورکیەیان مەحکووم کرد و بە کردەوەیەکی نادێموکراتیکیان دانا.
جێگای ئاماژەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٢٨ی نوامبری ٢٠١٥ لە “لواندا”ی پایتەختی ئەنگۆلا وەک یەکەم حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان، بوو بە ئەندامی تەواو وەختی ئەنترناسیونالی سۆسیالیست.