نوێنەری خەڵکی میاندواو، سائینقەڵا و تیکاب، لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی ئیران باسی لە پێکهێنانی فراکسیۆنی کوردزمانەکان لە مەجلیس کرد.
هومایوون هاشمی نوێنەری خەڵکی میاندواو، سائینقەڵاو تیکاب لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند نوێنەرانی شارەکانی کوردستان لە مەجلیس بۆ دەسبەرکردنی مافی زمانی نەتەوەکانی دیکە خوازیاری پێکهێنانی فراکسیۆنی نوێنەرانی کوردزمان لە مەجلیس دان؛ تا بتوانن لەم بارەوە بەشێوەی یاسایی پرسی زمانی کوردی لە مەجلیس تاوتوێی بکرێ.
هومایوون هاشمی بە ئاماژەدان بە کەونارایی زمانی کوردی لە ئێران و جێگەوپێگەی ئەدەبیات و زمانی کوردی لەم بارەوە وتی: “کوردستان چ لە باری ئەدەبیاتەوە و چ لە باری مێژووییەوە، لەسەر فەرهەنگی ئەمرۆکە کاریگەریی هەیە و دەبێ گرینگی زیاتری پێبدرێت.
ناوبراو هەروەها وتی: “بژاردەکانی فەرهەنگ و ئەدەب دەبێ بۆ گەشەی کوردستان رێگەیان پێبدرێ، چونکە گەشەی کوردستان پێوێستی بە بژاردەکانی کوردە”.
هومایوون هاشمی سەبارەت بە پرسی زمانی کوردی بە هەواڵنیری “ئیسنا”ی ڕایگەیاند ئێمە نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی شوورای ئیسلامی خوازیاری پێکهێنانی فراکسیۆنی کوردزمانانین، تا لەم رێگەوە بتوانین مافی یاسایی بۆ زمانی کوردیش دەستەبەر بکەین.
جێی ئاماژەیە یەک لە بەرنامەکانی حەسەن رۆحانی لە سەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری، پرسی زمانی نەتەوەکانی دیکە بوو لە ئێران کە ئێستاشی لەگەڵ بێ نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە، هەر ئەمەش نارەزایەتی چالاکانی سیاسی و فەرهەنگیی کوردی لێکەوتووتەوە.
هەروەها ماوەیەک لەمەوپێش نوێنەری شارەکانی “قوروە و دێولان”یش، عەلی محەممەد مورادی بە پێداگریی لەسەر وادە و بەڵێنییەکانی روحانی، بە رەخنە گرتن لە وەزارەتی پەروەردەو ڕاهێنان، خوازیاریی جێبەجێ کردنی خویندن و نووسین بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی کوردستان بوو.