هەڵەی پزیشکی لە نەخۆشخانەکانی کوردستان دیسان قوربانی لێکەوتەوە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان و کورد، چەند رۆژ لەمەوپێش مێرمنداڵێکی تەمەن ١٠ساڵان، بە ناوی ئاریا ساعیدمووچشی خەڵکی گوندی “خامسان” سەربە شاری کامیاران، بە هەڵە دەرزی لێ ئەدرێ و بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە دوای چەند رۆژ لە نەخۆشخانەیەک لە شاری سنە گیانی لەدەستدەدا.
هەڵەی پزیشکی لە نەخۆشخانەکانی کوردستان هەرچەند وەخت جارێک دووپات دەبێتەوە و زیاتر منداڵانی تەمەن خوار دەبنە قوربانی.
چەند مانگ لەمەوپێش وەک لە هەواڵەکان باس کرا لە شاری بانە هەر بە هەمان هەڵەی پزیشکی و لێدانی دەرزی هەڵە، منداڵێکی ٥ساڵان رووبەرووی مەرگ بۆوە. ئەوەی لەم بارەوە جێگای سەرنجە، ئەوەیە کە دوبەدوای هاتنە ئارای هەڵەی پزیشکیی، هیچ ناوەند و بەرپرسێک خۆی بە وەڵامدەر نازانێ. هەرئەمەش بۆتە هۆی ئەوە کە کەمپەینێک لەم بارەوە ڕێکبخرێ و داوا لە بەرپرسانی ناوەندە پێوەندیدارەکان بکەن کە لێپرسینەوە لە کاربەدەستانی تاوانبار بکرێ.