هه‌واڵده‌ریی ده‌وڵه‌تیی ئێران ڕایگه‌یاند كه ١٠ ئه‌فغانی و پاكستانیی سه‌ربه كۆماری ئیسلامیی ئێران كه له سووریه كوژرابوون له شاری قوم، نێژران.
كۆماری ئیسلامیی ئێران جگه لە په‌نابه‌رانی ئه‌فغانی له وڵاته‌كه‌ی، پاكستانییهكانیشی بۆ شه‌ڕی به‌رگریی له ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د ناردووه و ڕۆژی پێنجشه‌ممه ته‌رمی 10 كه‌س له ئه‌فغانی و پاكستانییه كوژراوه‌كان له سووریه بۆ شاری قوم گه‌ڕێندرانه‌وه.
به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه پێناسەی كوژراوه‌كان ٨ كه‌سیان خه‌ڵكی پاكستان و ٢ كه‌سه‌كه‌ی دیكه‌ش خه‌ڵكی ئه‌فغانستانن.
ئه‌مه سێهه‌مین جارە كه ئێران هه‌واڵی كوژرانی خه‌ڵكی پاكستان له شه‌ڕی سووریه بڵاوده‌كاته‌وه. پێشتریش ڕاگه‌یه‌نه ده‌وڵه‌تییه‌كانی ئێران وێنه‌ی و فیلمی ناشتنی كوژراوانی پاكستانییان بڵاوكردبۆوه.
به‌پێی ڕاپۆرته بڵاوكراوه‌كانی ئێران تا ئێستا زیاتر له ٢٠٠ ئه‌فغانی كه له ئێرانه‌وه بۆ شه‌ڕی سووریه نێردراون، كوژراون.
كۆماری ئیسلامیی ئێران، پاكستانییهكانیان له تیپی زێنهبیوون و ئه‌فغانییه‌كانیان له له‌شكری فاتمیون رێکخستووە و به مه‌به‌ستی پیشتیوانی كردن له ده‌وڵه‌تی ئه‌سه‌د بۆ سووریه‌یان ده‌نێرێ.
كۆماری ئیسلامیی ئێران به هۆی ناردنی ئه‌فغانییه‌كان بۆ شه‌ڕی سووریه له‌لایه‌ن سیاسه‌تزانانی ئه‌فغانییه‌وه به توندی ڕه‌خنه‌ی لێ‌گیرا.
كاربه‌ده‌ستانی نیزامیی ئێران ده‌ڵێن، ئه‌م كه‌سانه، خۆویستانه بۆ “به‌رگریی له “حه‌ره‌م” چوونەتە سووریه. ئه‌وه له حاڵێكدایه كه كۆمه‌ڵێك له‌و كه‌سانه‌ی كه بۆ شه‌ڕی سووریه نێردراون به ڕاگه‌یه‌نه‌كانی ئه‌فغانستانیان ڕاگه‌یاندوه كه به زۆری بۆ شه‌ڕمان ده‌نێرن.