لەسەردەمی رێژیمی پاشایەتیدا سیاستی گشتیی دەوڵەت ئەوە بوو کە کوردستان ئاوەدانییهکی ئەوتۆ بە خۆیەوە نەبینێ، هەر بۆیە هەموو کات بە چاوی نیگرانی وئەمنیهتییەوە لە کوردستانیان دەڕوانی ولە دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی لە لایەن کار بەدەستانی ئەو نیزامەوە هەر هەمان سیاستی رەزاخانی لەسەر کوردستان دووپات بووە وهەتا ئیستاشی لەگەل دابێ هەرردێژهی هەیە. چەوسانەوەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ناوی جۆراجۆر وبە ئەمنیەتی کردنی ناوچەکە رۆژ بە رۆژ پهره دهستێنێ وماوە بەماوە بە هۆکار وبێ هۆکار دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لێدوان دەدەن وباس لەوە دەکەن کە بێگانە و ئیستکباری جیهانی دەیانهەوێ کوردستان لە ئێران جیا بکەنەوە و بهو بیانوویه کۆمەڵێک تۆمەت وبوختان دەخەنە پال حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان .
چەند رۆژ لەوە پێش یهحیا رەحیم سەفەوی راوێژکاری سەربازیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئەو بوختان وتۆمەتانەی جارێکی دیکە دووپات کردەوە. ناوبراو ئەو جار روو لە هەرێمی کوردستان دەکا وبە زمانی هەڕەشەو لە هەمان کات دا وەبیر هێنانەوەی رووداوەکان دەیهەوی بە حکوومەتی هەریمی کوردستان _عیراق بڵێ ،نەکا سەرکەوتنەکانتان لە مەیدانی شەر دا و پێوەندیەکانتان لە گەڵ دنیای دەرەوە ئەوەتان لە بیر بەرێتەوە کە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا حوزووری هەیە وسنوورێکی دوورودرێژی لەگەڵتان هەیە .رەحیم سەفەوەی لەوە توورەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێوەندی سیاسی ودیپلۆماتیکی لە گەل وڵاتانی دنیا وبە تایبەتی ناوچه داهەیە ونایشارێتەوە کە چەندە بە بوونی کۆنسوولخانەکانی وڵاتان بە تایبەتی عەربستانی سعودی قەلس وتوورەیە ولەونێوەدا کۆمەڵێک بوختان هەڵدەبەستی وبڕیاریان لە سەردەدا و بە زمانی هەڕەشە دەدوێ. ئەوە لە حاڵێک دایە کە کۆماری ئیسلامی بە بێ رەچاو کردنی هێچ پرنسیپێکی نێودەوڵەتی وناوچەیی و بێ گوێدان بە سەروەری عێراق وەک دەوڵەتێکی دراوسێ وحکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک دەسەڵاتێکی سیاسی ناوچەکە ،بە کۆمەڵێک بەهانەی وەک پاراستنی سنوورەکانی ویارمەتی دانی خەڵکی عیراق وپاراستنی شوینە پیرۆزەکانی شیعە لە عیراق، ماوەی زیاتر لە ١٣ساڵە لە عێراقدا تەراتێن دەکاو لە هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە ٢٠ساڵە سنوور دەبەزێنێ. هەموو لایهک ئەوه دەزانن کە نزیک بە ٢٥٠ کەس لە کادر وپێشمەرگە وئەندامانی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە ساڵانی رابردوودا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندا بە دەستی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کراون وهەر لە ماوەی ئەو ساڵانە دایە کە بەهێزێکی زۆر و کۆک وپۆشتەی نیزامی ئەوسنوورانەی کە ئەوەندە داواکاری پاراستنی هەن بەزاندیان و٢٠٠ کیلۆمیتر بە قووڵایی هاتنە نێو خاکی هەرێمی کوردستان وشوێنی حەوانەوەی بنەماڵەکانی حیزبی دیموکراتیان تۆپ ومووشهک باران. لەراستیدا نیزامی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامەن کە بێ پرنسیپی سیاسییان هێناوەتە مەیدانی کایە سیاسیەکان ودەست بۆ هەموو رێکارێکی ناڕەوا دەبەن بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان. لێرە دایە دەبێ حیزبەکانی گۆرەپانی خەباتی کورد بەتایبەتی حیزبەکانی باشوور ورۆژهەڵاتی کوردستان زۆر وریای پیلانگێڕییهکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بن.
لێرەدا پێویستە ئەوپرسیارە بێنینە ئاراوە کە لە حاڵەتی ئێستادا کە کۆماری ئیسلامی خۆی لە لووتکەی بە هێزی دا دەبینی چۆنە لەو ماویەدا بێ هۆکار وبەهۆکار باس لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکا ،وەڵامی ئەوپرسیارە دەتوانێ چەندین هۆکاری هەبێ :یەکەم ئەوەیە لە ماوەی ٣٧سالی رابردوودا سەرکوتی خەلکی کوردستان وتەبلیغ بۆ رەش کردنی خەباتگێڕان لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە نهیتوانیوە خەلک وپێشمەرگە لێک بکاو جووڵانەوەی ماف خوازانەی خەڵکی کوردستان بە چۆکدابێنێ. هەر ئێستا دەبینین کە رۆژ بە رۆژ هەستی نەتەوایەتیی تاکی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان لە گەشەکردن دایە وئەو گەشە کردنەش زۆر سروشتییە بەستراوەتەوە بە بەرەوپێشچوونی خەباتی گەلی کوردلە هەر چوارپارچەی کوردستان و شاهیدی ئەوەین کە دۆزی کورد لە باشوری کوردستان وپارچەکانی دیکە چ لە ئاستی نێو خۆییدا وچ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا رۆژ بە رۆژ لە گەشە کردن دایە و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەر چەند بە ئاشکرا ناتوانرێ تیکۆشانی سیاسی هەبێ ،بەڵام خۆشەویستی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رووی لە کزی نەداوە و بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی کۆماری ئیسلامی جێگە وپێگەی ئەوحیزبانە رووی لە گەشەی زیاترە و خەڵکی کوردستان دەڕواننە گوتار وکرداری حیزبەکان ولە کار وکردەوەی رۆژانەی خۆیاندا رەچاوی دەکەن .بۆ نموونە کاتێک حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بۆنەی جۆراوجۆردا داوا لە خەڵکی کوردستان دەکا لە هەر شێوەیەکی مومکین کە بۆیان دەلوێ کەڵک وەربگرن بۆبەرەوپیش چوونی شوناسی نەتەوەیی وئەستاندنی مافەکانیان ، دەبینین چالاکانی مەدەنی دەرفەتەکان دەقۆزنەوە وبە کردنەوەی قوتابخانەی کوردی بۆ فێر کردنی زمانی کوردی بە منداڵانی کورد ،بەڕێوە چوونی کۆمەڵیکی بەر چاو لە چالاکی ژینگە پارێزی کە وانەی نیشتمان خۆشەویستی تێدا فێری تاکی کورد دەکری وبەڕێوە چوونی دەیان کۆرکۆبوونەوەی شیعر وگۆرانی وموسیقای کوردی …..نیشانەی زیندوو بوونی هەستی نەتەوایەتی وبوونی حیزبەکانی رۆژهەڵاتە لەنێو خەڵکی کوردستاندا، کە ئەو زیندوو بوونەی کۆمەلگای رۆژهەڵات بۆ ئەحزابی رۆژهەڵاتی کوردستان جێگای دڵخۆشی وپشت گەرمییە و بۆ کۆماری ئیسلامی جێگای نیگرانی وتووڕەیی.
هۆکارێکی دیکە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی پێ توورە و قەڵسن سەرکەوتنەکانی هیزی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەری داعشە ،چونکە پێیان وایە ئەوسەرکەوتنانە زیاتر رێبەرانی هەرێمی کوردستان هان دەدا کە پرۆسەی راپرسی بۆ بڕیاردان لە سەر مافی چارەنووس بێننە مەیدانی کردار ولە ئاکامدا کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی. ئەو راستییانە ترسی خستووتە دڵی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئیران و رەحیم سەفەوی بە ئاشکرا دەڵێ “ئێمە نیگرانی ئەوەین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لە عیراق جیابکاتەوە وئەوە بۆ ئێمە قابیلی پەسند نییە.” ئەو قسەوباسانە لە کاتێکدا لە زمانی راوێژکاری سەربازیی رێبەری کۆماری ئیسلامی بڵاو دەبێتەوە کە مەسەلەی کورد لە چواچێوەی سیاسەتی نێو خۆیی ئەودەوڵەتانە هاتۆتە دەری کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوە ومەسەلەی کورد بۆتە مەسەلەیکی جیهانی. چونکە ئەو راستییە سەلمێندەراوە که بێ چارەسەری پرسی کورد ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و وەزعی نێو خۆیی ئەودەوڵەتانەی خاکی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە ئارامی وئەمنیهت بەخۆیانەوە نابینن.
لە کۆتایی دا پێویستە وەبیر ئاغای رەحیم سەفەوی وهاوپیشەکانی بێنینەوە کە رەوڕەوەی خەباتی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ وەدەست هێنانەوەی ماف وئازادیەکانی بە دەسەڵاتی پاشایەتی لە بەرەوپێش چوون نەکەوت و ماوەی ٣٧ ساڵیشە کۆماری ئیسلامی نهیتوانیوە سەرکوتی بکا وئێستاش بەو ههڕهشهو گوڕهشانه ئەوجووڵانەوەیە لە حەرەکەت ناکەوێ وخەلک وپێشمەرگە شان بەشانی یەکتر بە کار وتیکۆشانی خۆیان ئەو خەباتە بەر حەقە دەگەیننە لووتکەی سەر کەوتن.