له بناری کێوی به‌رده‌زه‌ردی بۆکان شوێنی ناشتنی شاخه‌وانیی سه‌رکه‌تووی کورد، “موقبیل هونه‌رپه‌ژو” ، له رێوڕه‌سمێکدا یادی ئه‌و شاخه‌وانه جوانه‌مه‌رگه به‌رزڕاگیرا.
به پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به کوردستان و کورد، رۆژی هه‌ینی ٢١ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، له‌٩مین ساڵیادی گیان له‌ده‌سدانی شاخه‌وانیی ناسراوی کورد، رێوه‌ڕسمێکی به‌شکۆ له شاری بۆکان به‌ڕێوه‌چوو.
ئه‌و رێوڕه‌سمه که له سه‌ر ده‌ستی گرووپی شاخه‌وانیی ئاورینی بۆکان و ئه‌نجومه‌نی ژینگه‌پارێزیی پاژینی بانه‌و ئه‌نجوومه‌نی سه‌وزی چیای مه‌ریوان ڕیکخرابوو، کۆمه‌ڵێکی به‌رچاو له چالاکانی مه‌ده‌نی و ژینگه‌پارێزان و، هه‌روه‌ها چه‌ندین که‌سایه‌تیی ئه‌ده‌بی تێیدا به‌شدارییان کرد‌و، له‌لایه‌ن خه‌ڵکی شاره جیاجیاکانی کوردستانیش پێشوازیی گه‌رمی لێ‌کرا.
سه‌ره‌تا خوشکی “موقبیل هونه‌رپه‌ژو”، خاتوو “عوزرا هونه‌رپه‌ژو” باسێکی له‌سه‌ر ژیان و سه‌رکه‌وتنه‌کانی “موقبیل” پێشکه‌ش به ئاماده‌بووان کرد‌و، له درێژه‌ی قسه‌کانی‌دا ئاماژه‌ی به‌وەدا که شوێنی ناشتنی “موقبیل” به‌رهه‌می هه‌وڵ و ماندوو بوونی شاخه‌وانه‌کان و ژینگه‌پارێزانی کورده، به‌جۆرێک دیاریی میلله‌تێکه بۆ وه‌رزشوانی ناوداری نه‌ته‌وه‌یه‌ک.
دوابه‌دوای قسه‌کانی خاتوو “عوزرا هونه‌رپه‌ژو” یه‌ک له ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ژینگه‌پارێزیی پاژین، فودا ساوانی وێڕای یادکردن له شاخه‌وانیی کورد “موقبیل هونه‌رپه‌ژو” باسێکی له سه‌ر چالاکیی ژینگه‌پارێزان بۆ پاراستنی نیشتمان و ژینگه‌ی وڵات پێشکه‌ش کرد‌و له دووتوێی قسه‌کانی‌دا، سه‌باره‌ت به که‌مته‌رخه‌میی به‌رپرسان، ره‌خنه و گاز‌ندەی ژینگه‌پارێزانی له‌م باره‌وه خسته‌ڕوو.
له بڕگه‌یه‌کی دیکه ئەو رێوڕه‌سمه‌دا، دوو شاعیری ناوداری بۆکانی مامۆستا “ئاسۆ” و مامۆستا “ئه‌مین گه‌ردیگلانی”، چه‌ند پارچه شێعرێکیان خوێنده‌وه‌و رێوه‌سمەکەیان زیاتر ڕازانده‌وه.
له درێژه‌ی ئه‌و رێوڕه‌سمه، چه‌ند شاخه‌وانی دیکه، له‌سه‌ر یادو بیره‌وه‌رییه‌کانی “موقبیل”ی جوانه‌مه‌رگ، قسه‌یان کرد و دواتر جه‌ماوه‌ری به‌شدار چه‌پکه گوڵی رێز‌و وه‌فایان له‌سه‌ر مه‌زاره‌که‌ی دانا.
بەشی کۆتایی رێوڕه‌سمی ساڵوه‌گه‌ڕی گیان له‌ده‌ستدانی “موقبیل هونه‌رپه‌ژو” ته‌رخان کرابوو بۆ چاندنی دار به‌ڕوو له ده‌وروبه‌ری گڵکۆی ئه‌و شاخه‌وانه ناوداره.
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه “موقبیل هونه‌رپه‌ژو” ساڵی ١٣٦٢ له شاری بۆکان له‌دایک ده‌بێ و له ته‌مه‌نی ١٩ساڵه‌یی به پاڵپشتی و رێنوێنی کردنی “محه‌ممه‌د هه‌وراز″ ده‌توانێ پێ له‌سه‌ر لوتکه‌ی شاخی” لوتسه” که چوارەمین کێوی به‌رزی جیهانه دابنێ و، ئه‌و شانازییه بۆ خۆی توماربکا. ناوبرا هاوهه‌نگاو له‌گه‌ڵ شاخه‌وانی دیکه‌ی کورد محه‌ممه‌د هه‌وراز له شاخی “گاشه‌برۆمی یه‌ک” له وڵاتی پاکستان، لە کاتی وەسەرکەوتنی ئەو شاخە دابوون که کاره‌ساتی گیان له‌ده‌سدانی محه‌ممه‌د هه‌ورازی لێکه‌وته‌وه.
موقبیل هونه‌رپه‌ژو، شاخه‌وانی لێهاتووی کورد، له پاییزی ١٣٨٦، له کاتی ڕاهێنان له کێوی به‌رده‌زه‌ردی بۆکان به‌رده‌بێته‌وه، که به‌و هۆیەوە دوای چه‌ند رۆژ له نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له شاری ورمێ گیانی له‌ده‌ست ده‌دا.