دادگایی کردنی رۆژنامەنووسێکی کرماشانی کە “رازانی” پارێزگاری کرماشان شکایەتی لێکردبوو، بۆ دوو حەوتووی دیکە دواخرا.
بە پێی نامەی بانگهێشت کردنی دادگا “حەسەنعەلی مەهدەوی چەشمەگەچی” بەرپرسی حەوتەنامەی “غەرب” لە کرماشان لە لایەن دادگای ئەوشارەوە و لەسەر سکاڵای پارێزگاری کرماشان ئەسدوڵلا رازانی برێاربوو رۆژی شەممە ١٥خەزەڵوەر دادگایی بکرێ ، بەڵام ئەم دادگایی کردنە بۆ دوو حەتووی دیکە دواخرا.
بەرپرسی حەوتەنامەی “غەرب” لەم بارەوە ڕایگەیاند کە ئەرکی من وەکوو رۆژنامەنووس رەخنەگرتن و خستنە بەرباسی راستییەکانە و هەروەها خستنەرووی کەمتەرخەمی بەرپرسانە ،بۆیە هیچ نیگەرانی سزای دادگا نیم و لە قسەکانی خۆم پاشگەز نابمەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەروەندەی ئەم رۆژنامەنووسە رایگەیاندوە کە حەسەنعلی مەهدوی، بە تاوانی بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە لایەن دادگاوە بە بێرێزی کردن و بڵاوکردنی هەواڵی ناراست و شێواندنی ڕای گشتی تاوانبار کراوە.
ململانێی نێوان رۆژنامەنووسان و کاربەدەستانی رێژیم لە کوردستان زۆرجار بووتە هۆی داخرانی رۆژنامەکان و دەسبەسەرکرانی رۆژنامەنووسان
چەند رۆژ لەمەوپێشیش رۆژنامەنووس ئیجلال قەوامی لەشاری سنە لەسەر سکاڵای یەک لە ئەندامانی شوورای شاری سنە بانگهێشتی دادگا کرا.
شایانی باسە حەوتەنامەی “غەرب” ئورگانی حیزبی گەشەی کرماشان” حەوتەنامەیەکی فەرهەنگی،سیاسی و ئابوورییە، کە لە پارێزگاکانی کوردستان بڵاودەبێتەوە.