بەڕێوەبرانی کەمپەینی “بەڵێ بۆ گەشەپێدان بە رێگەوبانەکانی پیرانشار” رووبەروی خەڵک و ناوەندە بەرپرسەکان، پەیامێکی بڵاوکردوە.
لەو پەیامەدا وێڕای ئاماژەدان بە هەلومەرجی هەستیاری ناوچەی پیرانشارو نەغدە وەکوو شوێنیکی گرینگ بۆ بازەرگانی و گەشەی ئابووری و هەروەها ناوچەیەکی گەشتیاریی لە کوردستان، بە باس کردن لە دۆخی نالەباری جادەکانی ئەم ناوچەیە کە هەمووکاتێک بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ قوربانیی لێدەکەوێتەوە، کەمتەرخەمییەکان لەم بارەوە بوو بەهۆی وەدەنگ هاتنی خەڵک و وەڕێخستنی ناڕەزایەتی مەدەنی، کە ئەم کەمپەینە دووخاڵی گرینگی خستووتەڕوو کە دەبێ لە زووترین کاتدا بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
لە بەشێک لەوپەیامەدا هاتوە کە لە کاتێکدا گرینگیی ناوچە سنوورییەکان لە گەشەی ئابووری شتێکی شاراوەنیە، بەڵام بەداخەوە نالەباریی دۆخی رێگەوبانەکان خەساری بەم دەرفەتە ئابوورییە گەیاندوە و، دەبێ چارەسەر بکرێ.
ماوەیەک لەوە پێش هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی شاری مەریوان سەبارەت بە نالەباریی دۆخی رێگاکان و چوونەسەریی رێژەی قوربانیانی رووداوی هاتووچۆ، لەسەر دەستی چالاکانی مەدەنی لە شاری پیرانشاریش کەمپەینێک بە دروشمی”من قوربانی داهاتووم” هاتە ئاراوە کە لەگەڵ پشتیوانیی چالاکانی سیاسی و مەدەنی کوردستان وخەڵکی ناوچەکە رووبەرووبوویەوە. هەر لەم پێوەندییەدا خەڵکی پیرانشار و نەغەدە بە پێکهێنانی زنجیرەی مرۆیی لە چالاکییەکی مەدەنییانەدا هاتنە سەرشەقام و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیانیان بەرزکردوە. هەروەها زیاتر ١٠٤ کەس لە چالاکانی شاری نەغەدە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایانگەیاند کە کێشەو گرفتەکانی خەڵکی پیرانشار بە هی خۆیان دەزانن و پاڵپشتییان لێکرد.
کەمپەینی بەڵێ بۆ گەشەپێدان بە ڕێگەوبانەکانی پیرانشار لە تازەترین هەڵوێستی خۆی بە کۆکردنەوەی واژۆی بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی وسیاسیی شارەکانی پیرانشار و سەردەشت و نەغەدە، لە سەر داواکارییەکانی کەمپەین پێداگریی کردوە. کە بیرتین لە:
١ تەواوکردنی پرۆژەی نیوچڵ ماوی گەورەرێی پیرانشار- نەغەدە.
٢ نۆژنکردنەوەی رێگەوبانی نێوان پیرانشار و سەردەشت.
شایانی باسە کە نزیک بە ٢٦٤کەس لە چالاکانی مەدەنی و شارۆمەندانی پیرانشار و ١٨٨کەس لە خەڵکی سەردەشت و١٠٤ کەسی دیکە لە چالاکانی مەدەنی شاری نەغەدە بە واژۆ کردنی بڵاوکراوەی کەمپەین پشتیوانی خۆیانیان دەربڕیوە.