دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەوەی کە یەکیەتی ئورووپا دەیهەوێت لە شاری تاران نوێنەرایەتی دابمەزرێنێ ئەو هەواڵە لە گەڵ کۆمەڵیک هەڵویستی توندی بناژۆخوازەکان رووبەروو بوویەوە.
لە یەکەمین هەڵویستدا محەمەد جەواد لاریجانی بەرپرسی “ناوەندی مافی مرۆڤی دەزگای قەزایی ئێران” ئەوکارەی بە کردەوەیەکی سیاسیانە و مەبەستدار ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئامانجی وڵاتانی رۆژئاوایی دەستێوەردان و پێوەندی گرتنی زیاترە لە گەڵ چالاکانی مەدەنی لە ئێران. ناوبرا لە درێژەی قسەکانی دا بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتەکانی ئەحمەد شەهێد رێپۆرتێری پێشووی رێکخراوی نێونەتەوەیی لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران ، کۆی ڕاپۆرتەکانی ناوبراوی ڕەت کردەوەو، لەم بارەوە کوتی : ئێمە هەموو ئەو ڕاپۆرتانە بە سیاسەتی دوژمنانەی چەند وڵات دەزانین کە ئێستاش بە تەمان نوێنەرایەتی لە تاران دامەزرێنن.
هەروەها لەم پێوەندییەدا رۆژنامە “کیهان” دامەزراندنی نوێنەرایەتی یەکیەتی ئورووپای لە تاران بە شانۆگەریی سەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری داهاتوو لە قەڵەم دا.
شایانی باسە باڵی بناۆژخوازی نزیک بە خامنەیی بە توندی ڕایانگەیاندوە کە رێگەنادەن نوێنەرایەتیی یەکیەتی ئورووپا لە تاران هەبێ و ، دەبێ دابخرێت.
هەروەها دەنگ وڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە زمان چەندین کارناسەوە رایگەیاند؛ مادام وڵاتانی رۆژئاوایی لە ئێران باڵوێزخانەیان هەیە ، دانانی نوێنەرایەتی جێگەی گومانەو دەبێ زیاتر سەرنج بدرێ کە وڵاتانی رۆژئاوایی بەدوای چ مەبەستێک دەگەڕن.