رۆژی شەممە رێکەوتی 5 ی نوامبر خالید حەسەنپوور ئەندامی رێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستان بەشداریی لە کۆبوونەوی ٨ لایەنی سیاسی کورد و ئێرانی لە شاری پاریس کرد . کۆبوونەوەکە کە بەمەبەستی تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسی ئێران و کوردستان و پرسی یەکیەتی لەناو ئۆپۆزیسیون پێکهاتبوو، سەعاتی ٩ی بەیانی دەستی بەکارکرد و سەعات ٦ی ئێوارێ کۆتایی پێهات . سەرەتا باسێکی گشتی لەسەر بارودۆخی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی کرا و لەوپێوەندییەدا لایەنە سەرانسەرییەکان تیشکیان خستەسەر شەرو تێکهەڵچوونەکانی ئەمساڵی هێزی پێشمەرگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لەو پێوەندیەدا نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە دەنگۆی یارمەتیی دەراوسێکانی ئێرانیان بە بەشێک لە لایەنە کوردییەکان هێنایە بەرباس، کە سەبارەت بەوپرسە خالید حەسەنپوور بەرپرسی پێوەندی ئێرانییەکان، سەرنج و تێبینی و هەڵوێستەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی سەبارەت بەپرسی خەباتی چەکدارانە و شێوەکانی دیکەی خەباتی بۆ بەشداران باسکرد و پێی لەسەر ئەوە داگرت کە دەگەڵ ئەوەی حدک حیزبێکی بەرئەندازە، بەڵام لەهەموو رەهەندەکان وەک خەباتی پێشمەرگانە، خەباتی جەماوەری و مەدەنی و دەرفەتەکانی دیکە دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی کەڵک وەردەگرێ .
بەشیکی دیکەی کاری کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ پرسی یەکیەتییەکی بەکردەوەی ئەو ٨ لایەنە . دوای باس و راوێژێکی زۆر، چەند بریارو راسپاردەیەک بەپەسەندی کۆبوونەوەکە گەیشت .
ئەو لایەنانەی کە بەشداری ئەوکۆبوونەوە بوون، بریتی بوون لە ؛
حیزبی دێموکراتی کوردستان
اتحاد فدائیان خەڵک
کۆمەلەی شۆرشگیری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
جمهوری خوازانی لائیک
شوورای موتتەحیدی چەپ
شوورای کۆماری خوازانی ئێران .