مه‌سعود ته‌جریشی، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌فته‌ری پلاندانانی ستادی ژیانه‌وه‌ی گۆلی ورمێ ده‌ڵێ، بارودۆخی ژیانه‌وه‌ی ئه‌م گۆله جێی هیوا نییه و به‌شێك له پڕۆژه‌كانی به هۆی نه‌بوونی بوودجه تووشی گیروگرفت هاتوون و وه‌ستێندراون.
ته‌جریشی ڕۆژی ڕابردوو به هه‌واڵده‌ریی كاری ئێرانی ڕاگه‌یاند كه بارودۆخی ئابووریی ده‌وڵه‌ت بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه ساڵی ڕابردوو بوودجه‌ی ژیانه‌وه‌ی گۆلی ورمێ له ٣ قۆناخ‌دا بۆ ١٧٠٠ میلیارد تمه‌ن دابه‌زی.
ناوبراو سه‌رچاوه‌ی ماڵیی ستادی ژیانه‌وه‌ی گۆلی ورمێی به بوودجه‌ی ستادی سندووقی گه‌شه‌ی میللی، بوودجه‌ی ساڵانه‌ی ده‌زگاكانی جێبه‌جێكار و قانوونی ڕێكخستنی به‌شێك له ڕێوشوێنه ماڵییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و قانوونی پێكهاتنی ڕێكخراوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری قه‌یرانی وڵاتی زانی و کوتی، قانوونی ڕێكخستنی به‌شێك له ڕێوشوێنه ماڵییه‌كانی ده‌وڵه‌ت قه‌راربوو بڕی‌١١٠٠ میلیارد تمه‌ن بوودجه دابین بكا به‌ڵام به‌هۆی زۆربوونی پڕۆژه‌كانی به‌شێكیان ڕاگیران.
سه‌ره‌ڕای كه‌م كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كانی ژیانه‌وه‌ی گۆلی ورمێ تا ئێستا هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی ماڵی پێدانی ئه‌م بوودجه‌یه‌ی وه‌ئه‌ستۆ نه‌گرتووه.
به‌شێك له هۆكاره‌كانی سه‌رنه‌كه‌وتنی ژیانه‌وه‌ی گۆلی ورمێ، جێبه‌جێنه‌كردنی كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ی وه‌ك چاندنی گیا له قه‌ره‌داغ به پانتاییه‌كی زۆر، كۆنترۆڵی ئه‌م بڕه ئاوه‌ی كه بۆ جووتیاران ده‌نێردرێ، جێبه‌جێنه‌كرانی پڕۆژه‌كانی فێركردن، فه‌رهه‌نگسازی نه‌كردن بۆ جووتیاران و پێنه‌دانی نه‌مام و تۆوی شیاو بوون.
قه‌راربوو له مانگی ڕه‌زبه‌ری ئه‌مساڵه‌وه تا خه‌رمانانی ساڵی داهاتوو نزیك به ٤٠ سانتی میتر ئاوی گۆلی ورمێ به‌رز بكرێته‌وه كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تووشی قه‌یرانی ماڵی هاتوو و به‌شێك له پڕۆژه‌كانی وه‌ستێندران.