تەمەنی تووشبوان بە مادەسڕکەرەکان بۆ تەمەنی ١١ساڵەیی دابەزی و کارناسان ئەمە بە کارەساتێکی قەرەبوو نەکراوە دەزانن.
یەک لە ئەندامانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی رایگەیاند کە بە هۆی لاوازی سیستمی پەروەردە، تەمەنی تووشببوان بە مادە سڕکەرەکان گەییشتووتە ١١ساڵەیی وئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە شتێک بەناوی پەروەردە لە ئێراندا بوونی نیە.
پەرەگرتنی مادەهۆشبەرەکان لە نێو قوتابخانەکانی ئێران رۆژبەرۆژ لە زیاد بوون دایە و کارناسانی بواری کۆمەڵایەتی ئەم کارەساتە بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پەروەردەو نەبوونی سیستمی ڕاهێنان دەگەڕێننەوە.
تووشبوون بە مادە سڕکەرەکان لە تەنیشتی خۆکوژی وبێکاری وتەڵاق لە بەرچاوترین زیان و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانن کە بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەچێ. تا ئێستا بێجگە لە ئیعدام کردن ناوەندە پێوەندیدارەکان هیچ گەڵاڵەیەکی سەرکەتوویان لە پێوەندی لە گەڵ کێشەی مادەسڕکەرەکان لە ئێراندا نەبووە.
رەزا مەحبووبی ڕاوێژکاری وەزیری کیشور لە کابینەی رۆحانی رۆژی ١٥رەزبەر لە کۆبوونەوەیەکدا رایگەیاند کە رێژەی تووشبووان بە مادە هۆشبەرەکان دووبەرابەر بووتەوەو هەڵکشانی رێژەی تووشبوان باس لەوە دەکات کە هیچ دەوڵەتێک بە جیددی لە گەم ئەم خەسارە کۆمەڵایەتییە بەربەرەکانی نەکردوە. تەنانەت ئیعدامەکان لەم بارەوە بێجگە تێچووی سیاسی وکۆمەڵایەتی هیچ دەسکەوتێکی نەبووە.ناوبرا دانی بەوە دانا کە لە ساڵی ٩٠تا ٩٤رێژەی ژنانی تووشبوو بە مادە سڕکەرەکان دووبەرابەر بووە ولەم بارەوە تەنانەت ئاماری باوەرپێکرا لە بەر دەست دا نیە.