رۆژی هەینی رابردوو پۆلیسی تورکیە بەپێی بڕیاری دادگا هێرشیان کردە سەر ماڵی رێبەرانی پارتی دیموکراتی گەلان و،هاوسەرۆکانی ئەم پارتە سەلاحهدین دەمیرتاش و فیگن یۆکسداغ یان دەستگیرکرد. هاوکات چەندین پارلمانتێری سەر بەو حیزبەشیان کە لەناوچەکانی هەڵبژاردنی خۆیاندا بە زۆرینەی دەنگی خەڵک هەڵبژێردرابوون راپێچی زیندانەکان کرد.
ئەم دەستدرێژییەی ناوەندی قەزایی و پۆلیس ،هەر زۆر زوو لەلایەن ناوەندە سیاسییە نێودەوڵەتیەکان وئەمریکاو دەوڵەتەکانی ئورووپایی بەجیاو،یەکیەتی ئورووپا وحکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرکۆنەو مەحکووم کراو کاردانەوەی توندی ئەوانی بەدواداهات. داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو پارلمانتێرانە ،بانگهێشتی باڵوێزەکانی تورکیا بۆ وەزارەتی دەرەوە لە هێندێک وڵاتان ،داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی باڵوێزەکانی ئورووپا لە تورکیا وتەنانەت لێدانی زەنگی مەترسی پچڕاندنی پێوەندییەکانی یەکیەتی ئورووپا لەگەڵ تورکیە ،بەشێک لەم کاردانەوە سیاسییانە بوون بەرامبەر ئەم رووداوە.
جگە لە کاردانەوەی ناوەندە سیاسی وحکوومییەکان،ئەم پەلامارە لەلایەن حیزبی دیموکراتی کوردستان وحیزبەکانی رۆژهەڵات ولایەنەجۆراوجۆرەکانی کوردیشەوە ئیدانەکراوبەتێکڕا ،داوای هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی وەزعەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیە وەک لایەنی سەرەکی بەرپرس لەم رووداوانە رووبەڕووی ئەو وڵاتە کرا.هاوکات خۆپێشاندانی ژمارەیەکی بەرچاولەهاونیشمانانی کورد لەوڵاتانی دەرەوە وهێندێک لەشارەکانی کوردستان دەربڕی هاوخەمی وهاوسۆزی نیشتمانپەروەرانی کورد بوو،بۆ پشتیوانی لە خەباتی ئاشتیخوازانەی رێبەرانی هەدەپە ونوێنەرانی خەڵکی ناوچەکانی باکووری کوردستان.
بەڵام لەرۆژهەڵاتی کوردستان کەزۆر زیاترلە وڵاتی تورکیە لەژێرفشاری هێزە ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامیدایە وهەر رێپێوان وخۆپیشاندانێک،نەتەنیا پێویستی بە ئیزن وەرگرتن لە ئیدارەی ئیتلاعات هەیە بەڵکوو،چوارچێوەی قسە و دروشمەکانی خۆپیشاندانیش لەلایەن ئەوانەوە دیاری دەکرێ ،هەوڵی وەرێخستنی رێپێوانێک هەتا ئیستاش بێ ئاکام ماوەتەوە.هەرچەند وەها رێپێوانێک دەبێ تەنیا دروشمی دژبە فاشیزمی تورکیەی تێدا بەرز بکرێتەوە و وەک تاکە دەوڵەتی دژبە کورد بناسێندرێ وئاوی پاکیش بەسەردەستی جنایەتکارانی کۆماری ئیسلامیدا بکرێ. بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە خەڵکی کوردستان هەتا ئیستاش رێپێوانی ٣ی رەشەمەی ساڵی ٧٧ی خەڵکی سنەیان لەبیرنەکردووە کە بەدژی دەسگیرکردنی ئۆجەلان بەئیزنی پێشووی حکوومەتی ئیسلامی بەڕێوەچوو،بەڵام کاتێک لاوانی خوێنگەرمی سنە هاواریان لەدژی هەموو داگیرکەرانی کوردستان بەتایبەت کۆماری ئیسلامی بەرزکردەوە چۆن درانە بەر دەسڕێژی گوللە و١٣کەسیان شەهیدکردن سهدان کهسیشیان دهسگیر کرد و بۆجارێکی دیکەش دەریخست کە مەسەلەی کورد ومافی کوردان لەلای ئەوان چەندە گرینگی پێدەدرێ.
لە پەراوێزی وەڕێکەوتنی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان دژبە دەسگیرکردنی هاوسەرۆک وپارلمانتارانی هەدەپە لە تورکیا،هەڵوێستی چەند ئەندامی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران کەگۆیا نوێنەرایەتیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن،جێی تێڕامانە.سەیر ئەوەیە لە وڵاتێکدا کە دەسەڵاتدارانی ئامادە نیین وەک کەمینە نەتەوەیەكیش باس لە نەتەوەیەکی ١٠ملیۆن کەسی بکەن،کەسانێک پەیدا دەبن بە نوێنەرایەتی کورد و بە پشت بەستن بە یاساکانی کۆماری ئیسلامی هێرش دەکەنە سەر وڵاتێکی دیکە. قەسیم عوسمانی کەئەمەی بەهەل زانیوە هەتا کوردایەتی بە خەڵک بفرۆشێ لە بەیاننامەیەکدا دەنووسێ ،”لەیاسای بنەڕەتی وڵاتی ئێمەدا، نوێنەرانی میللەت مافی ئەوەیان هەیە سەبارەت بە تەواوی کارەکانی نێوخۆیی و دەرەکی نەزەری خۆیان دەرببڕن و پارێزبەندی سیاسیشان هەیە “. هەروەها لە نامەیەکی دیکەدا نوێنەرانی نەغەدە ومهاباد دەڵێن ،”لە ئێرانی ئیسلامیدا نوێنەرانی پارلمان لە تورک وکورد وفارس وبلووچ و تورکمن لە دەربڕینی بۆچوون و تێکۆشانی سیاسی وکۆمەڵایەتی خۆیاندا ئازادن وپارێزبەندی تەواویان هەیە”.
پرسیار ئەوەیە ،ئەو بەڕێزانە جگە لە بڵاوکردنەوەی کۆپی ئەو نامانەی بۆیان دەنووسن چ تێکۆشانێکی سیاسیان هەیە؟ ئەوان بۆچوونیان لەسەر مەسەلە نێوخۆییەکان چ بووە؟ یان چ شتێک بە مەسەلەی نێوخۆیی دەزانن؟ داخۆکوشتنی رۆژانەی خەڵکی کوردستان بە دەستی هێزە نیزامییەکان ،گرتن و ئەشکەنجەدان و زیندانی کردن وسەپاندنی حوکمی درێژماوە بەسەر سەدان کەس لەلاوانی کوردستان ،بۆئەوان کە خەمی کوردانی ژێر ستەمی دەوڵەتی تورکیە خەوی لێ حەرام کردوون بە کێشەێ کورد و کێشەی نێوخۆیی نازانن؟ یا ئیعدامی دەستە دەستە لە لاوانی رۆژهەڵات ،بە کێشەی ئەو خەڵکە نازانن کە گۆیا ئەوان نوێنەرایەتییان دەکەن. یا ئاگایان لێ نییە لە وڵاتێکدا کە ئیدعا دەکرێ هەموو مافەکانی خەڵک پارێزراوە،سدیق کەبوودوەند سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ،تەنیا بە تاوانی دیفاع لە مافی خەڵک ساڵانێکە لە زیندان راگیراوە و ئەوانیش نقەیان لێ نایە،مەبادا یاسا بنەڕەتییەکەیان لەق بێ. داخۆبۆ جارێکیش بیرتان لەوە کردوەتەوە کە خۆتان تاقی بکەنەوە ولە پارێزبەندی سیاسیتان کەڵک وەربگرن وباسی ئەو هەموو غەدرە بکەن کە لەو بەشە لە نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵات دەکرێ؟ ئەگەر نا ،ئەوە ئێوە ناتوانن بە بەهانەی مەحکووم کردنی رەفتاری تورکیە خۆتان بە پشتیوانی کورد بناسێنن،چونکە باڵاسەرەکانی خۆتان لەوانیان کەمتر جینایهت نەکردووە. بێگومان ئەگەر ئێوە خۆتان بە نوێنەری خەڵکی کورد لە رۆژهەڵات بزانن ،چاوەڕوانی خەڵک لە ئێوە ئەوەیە کە وەک هاوپیشەکانتان لە تورکیە پێش هەموو شوێنێک دەنگی بێبەشی خەڵکەکەی خۆتان وئەو هەموو زوڵم و زۆرەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەوان رەوادەبیندرێ نەک بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵکوو بە گوێی دڵی خۆتانی بگەیەنن کەبزانن “در دیزی باز است حیای گربە کجاست”.