لە رێوڕەسمێکدا کە لە هۆڵی رۆشنبیریی نیاوەرانی شاری تاران بەڕێوەچوو و بەشێکی زۆر لە هونەرمەندان و هۆگرانی موسیقی تێیدا بەشدار بوون، کتێبی ئەردەوان کامکار پەردەی لەسەر لادرا.
ئەم کتێبە کە هەڵگری بەرهەم و داهێنانەکانی هونەرمەند ئەردەوان کامکار لەبواری ئاواز و ریتم دایە، لە نێو کۆمەڵگەی ژەنیاران و بەتایبەتی ژەنیارانی ئامێری سەنتوور پێشوازی بەرفراوانی لێکرا.
لە دەسپێکی ئەو رێورەسمەدا، هونەرمەند “بیهرۆزغەریبپوور” کورتە باسێکی لەسەر گرینگی کتێبی ریتم و نۆتە موسیقاییەکان و ئەو هەوڵ و زەحمەتانەی کە “ئەردەوان کامکار” لە پێناوەدا وەک مامۆستایەک کێشاویەتی بەرز نرخاند و لە درێژەی قسەکانیدا بە وەبیر هێنانەوەی حەسەن کامکار وەک باوک و دامەزرێنەری گرووپی کامکارەکان کە بەشێوەی پێویست لە ئێران نەناسراوە و لەم بارەوە گوتی: بە هەوڵ و هیمەتی ئەو پیاوە هونەرمەندە ئێستا گرووپی کامکار بەناوبانگترین گرووپی موسیقان لە ئێران و خاوەنی نازناوی جیهانین.
شایانی باسە “ئەردەوان کامکار” مامۆستای زانکۆ و ژەنیاری لێهاتووی ئامیری سەنتوور خاوەنی شێواز و ستایلی تایبەتە لە ژەنینی ئەو ئامێرە مۆسیقاییەو تائێستا چەندین قوتابی لەم بارەوە ڕاهێناوە.
ئەم هونەرمەندە سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی ڕایگەیاند کە ساڵانێک بوو هۆگرانی سازی سەنتوور چاوەڕێی ئەوەیان لێم بوو، منیش دوای چەند ساڵ ماندووبوون ئەو کتێبەم لە چاپ دا و پێشوازیی باشی لێکرا.
جێیوەبیرهێنانەوەیە کە بنەماڵەی کامکار دوای شۆرشی گەلان لە ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، یەکەم گرووپ بوون کە توانیان ژن لە بەڕێوەبردنی کونسیرت بەشداری پێبکەن و هەروەها بە بەڕێوەبردنی کۆنسیرت و بەشداریی کردن لە فستیڤاڵە نێونەتەوەییەکان لە ناساندن و زیندوو هیشتنەوەی مۆسیقای کوردی دەور و رۆڵی باش بگێڕن.