جارێکی تر، تانکەری مەرگ لە ڕێگای مەریوان بۆ سنە، قوربانی لێکەوتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە 16ی سەرماوەزی 1395 بۆ جارێکی تر لە ڕێگای مەریوان بۆ سنە، ڕووداوێکی هاتووچوو لە نێوان تانکەرەکی مەرگ و ماشێنێکی جۆری هایلۆکس هاتە ئاراوە و لە ئەنجامدا دوو هاونیشتمانیی کورد، دەزبەجێ گیانیان لە دەست دا.
لەو ڕووداوەدا چەند کەسی تریش بریندار بوون کە بەپێی زانیارییەکان بۆ نەخۆشخانەی سەوڵاوا ڕاگواستراون و دەگوترێ ڕەوشی تەندرووستییان ناجێگیرە.
ڕوودانەوەی ڕووداوێکیتری دڵتەزێنی هاتوچوو و کوژرانی هاووڵاتییان بەو هۆیەوە لە حاڵێکدایە کە ناڕەزایەتیی ناڕازییان لە مەریوان بە تووندترین شێوە سەرکوت کرا و بەرپرسانی شار و وتارخوێنی هەینی ئەو شارەش کە بەپێی ئیددیعای بەشێک لە چالاکانی مەریوانی، بەشێکن لە پرۆژەی هاوردەکردنی نەوت و لەو ڕێگایەوە قازانجی ئابووری دەچێتە گیرفانیان، لە هەمبەری ئەو رووداوانە هەروا بێدەنگن.
لە کاتی ناڕەزایەتی دەربڕینی کەمپەینی نا بۆ تانکەری مەرگ لە مەریوان، چوار ئەدمینی ژووری تێلێگرامیی ئەو کەمپەینە لەلایەن ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر کران و دوای دوو ڕۆژ بە بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کران و مامۆستایەکی زانکۆی پەیامی نووری مەریوانیش بەناوی دوکتور حامید کۆنەپۆشی بە هۆی لێدوان لە ناو ناڕازییان، مافی وانەبێژی لێئەستێندرایەوە.