لە درێژەیی دیاردەی کارەستباری خۆکوژیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، گەنجێکی خەڵکی گوندی گلە سەربە ناوچەی سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو، رۆژی ١٦خەزەڵوەر، کەسێک بەناوی مەحموود سەنجابی لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە گیانی لەدەستدا و زانیارییە سەرەتاییەکان باس لەوەدەکەن کە ئەم گەنجە بە هۆی گرفتی ماڵی و بێدەرەتانی و کێشەی بنەماڵەیی دەستی داوەتە خۆکوژی.
خۆکوژی وەکوو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، چەند مانگێکە بەرۆکی کۆمەڵگەی کوردستانی بە تەواوی گرتووە و رۆژ بەرۆژ رێژەی خۆکوژییەکان دەچێتە سەر. لە چەند مانگی رابردوو خۆکوژی بەتایبەتی لە نێو پیاوان و لاوان زیاتر پەرەی سەندووە کە هۆکارەکەشی زیاتر دەگەرێتەوە بۆ هەڵاواردنی چینایەتی و گرفتی ماڵی و بێکاری و هەروەها گوشاری رۆحی و رەوانی و تاقەت نەهێنان لە بەرامبەر ئازارەکان.
لێکۆڵینەوەکان دەرخەری ئەوەن کە خۆکوژییەکان لە شار و ناوچەی کەمداهات زیاتر روو دەدا بە بەراورد لە گەڵ شارە گەورەکان کە ئاستی خوشبژیوییان لەسەرترە،
هەربۆیە گوند و شارەکانی کوردستان زیاتر لەگەڵ ئەم دیاردەیە رووبەڕوو بۆتەوە.