بە بەشداریی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی کولتووریی کوردیی “رۆمەریکە”، فێستیڤاڵی کولتوورمیکسی وڵاتی نۆڕوێژ بەڕێوە چوو .
بە مەبەستی ئاشنابوون لەگەڵ کولتوور و هونەری نەتەوە جیاوازەکان و پێشاندانی کولتووری خۆماڵی و ناسینی کولتووری یەکتر و ناساندنیان بە نەتەوە جیاوازەکان، بە بەشداریی یەکێتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی کولتووریی کوردیی “رۆمەریکە”، فێستیڤاڵی کولتوورمیکسی ساڵی ٢٠١٦ لەو ناوچەیەی وڵاتی نۆڕوێژ بەڕێوەچوو. وەک نەریتێکی ساڵانە، هەموو ساڵێ لە وڵاتی نۆروێژ و لە پارێزگای ئاکەشهووس، فێستیڤاڵی کولتووریی نەتەوە جیاوازەکان بە نمایشکردنی جلوبەرگ و پێڵاو و کڵاو و خواردن و کەلوپەلی کولتووری و مووزیک و هەڵپەڕکی بەڕێوە دەچێت، کە بۆ ئەمساڵیش، رۆژی شەممە ٥ی نوامبەری ٢٠١٦، بە بەشداریی ٣٢ رێکخراو لە شاری “لیللەسترۆم” ی پارێزگای “ئاکەشهووس” ئەم فێستیڤاڵە بەڕێوەچوو و ئەمجاریش ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەستپێشخەری یەکێتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی کولتووریی کوردیی “رۆمەریکە”، دەورێکی بەرچاویان تێیدا هەبوو. فێستیڤاڵەکە لە لایەن “ئانە ماریە لێرویک” بەرپرسی گشتیی کولتووری لە شارەوانیی “شیسمۆ” کرایەوە و دەستی بە چالاکییەکانی کرد. هەر دوو رێکخراوی یەکێتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی کولتووریی کوردی “رۆمەریکە”، به رازاندنهوهی ستاندی تایبهت به کوردانی رۆژههڵات و سازكردنی خواردنی خۆماڵی و پێشاندانی جلوبهرگی كوردی و مووزیکی کوردی سەرنجی ئامادەبووانی ئەم فێستیڤاڵەیان بۆ لای خۆیان راکێشابوو و هاوکات بۆ بەشداران لەسەر دابونەریت و کولتوور و مووزیکی کوردی بۆ بەشداران روونکردنەوە و زانیارییان دەدا و بیروڕایان دەگۆڕییەوە.
شایانی باشە بۆ رێوڕەسمی ئەمساڵ یەکێتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، هونەرمەندی دەنگخۆش “تارا رەسوڵ”ی بانگهێشتی کولتورمیکس کرد و بە دەنگە خۆشەکەی پرۆگرامەکەی زیاتر رازاندەوە و سەرنجی خەڵکێکی زۆری بۆ گۆرانی و مووزیکی کوردی راکێشابوو. هاوکات چەندین هونەرمەندی بەناوبانگی وڵاتانی دیکەش بەشدار بوون .