پانێلێک که ئه‌نستیتۆی توێژینه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست(مێری) له کۆتایی مانگی ئۆکتۆبر و له چوارچێوه‌ی دیداری ساڵانه‌ی خۆیدا بۆ پرسی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی ته‌رخان کرد، ده‌رفه‌تی ته‌مرینێکی پێشتر نه‌دیتراو و تاقینه‌کراوه‌ی بۆ سکرتێری پێنج حیزبی سیاسیی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان پێکهێنا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که رێبه‌رایه‌تیی ئه‌م حیزبانه پێشتر زۆر جار به شێوه‌ی دوو قۆڵی و چه‌ند قۆڵی سه‌باره‌ت به هاوخه‌باتی و ئایندهی پرسی کورد له ئێران پێکه‌وه دانیشتوون و دیالۆگیان کردووه، ئه‌وه یه‌که‌م جار بوو که که‌سی یه‌که‌می ئه‌م حیزبانه پێکه‌وه روو به بیروڕای گشتی له‌سه‌ر سته‌یجێک دابنیشن و وێرای ده‌ربڕینی راشکاوانه‌ی بیروباوه‌ڕی خۆیان و ئه‌و حیزبانه‌ی نوێنه‌رایه‌تییان ده‌که‌ن، راده‌یه‌ک له دیالۆگی راسته‌وخۆ و کراوه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كتر ئه‌زموون بکه‌ن. ئه‌و پانێله هه‌روه‌ها له‌و باره‌وه خودان بایه‌خ بوو که ههنگاوێکی دیارتر له رابردوو بوو له چوارچێوه‌ی ئه‌و رێچکه نوێیه‌ی کۆمه‌ڵێک میدیا و ناوه‌ندی توێژینه‌وه له باشووری کوردستان بۆ کۆتایی هێنان به سیاسه‌تی بێده‌نگه لێکردنی پرسه‌کانی پێوه‌ندیدار به رۆژهه‌لاتی کوردستان گرتوویانه‌ته به‌ر، شتێک که هیوابه‌خش و جێگای ده‌سخۆشییه.
هه‌ر له‌و کاته‌دا له که‌س شاراوه نیه که ئه‌م دیداره ده‌نگ و روانگه جیاوازه‌کانی نێو پانتایی بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی به روونی وه‌ده‌رخست و ره‌نگه بتوانین بڵێین بۆ ماوه‌یه‌کیش له زه‌ینی هۆگرانی پرسی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا کریستالیزهی کردن. ئه‌مه‌ش شتێکی زۆر سه‌یر و چاوه‌ڕواننه‌کراو نیه. به‌گشتی مه‌سه‌له‌ی کورد له‌خۆیدا هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک پارادۆکس و ئاڵۆزیی سه‌رچاوه‌گرتوو له دابه‌شبوونی کوردستان و ژێئۆپۆلیتیکی ناوچه‌یه. له‌وه‌ش زیاتر، پاشخانی مێژوویی و کارتێکه‌رییه‌کانی فه‌رهه‌نگی سیاسیی تایبه‌ت به بزووتنەوەی کورد له ئێران وایان کردوه که کۆمه‌ڵگەی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ناخی خۆیدا فره‌چه‌شن و فره‌یی ساز بێ. له سه‌رده‌مێکیشدا که قۆناغی نه‌زۆک له ده‌رفه‌ت و ئاڵوگۆڕی گه‌وره‌ی سیاسی بۆ کورد له ئێران له‌راده‌به‌ده‌ر درێژ بۆته‌وه و بزاڤی کورد له ئێران به به‌راورد له‌گه‌ڵ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ئه‌مڕۆ له هه‌لومه‌رجێکی سه‌ختتر دایه، به شێوه‌یه‌کی سروشتی لێکدوورکه‌وتنه‌وه جوغرافییه‌کان و دابه‌شبوونه سازمانییه‌کان کۆمه‌ڵێک جیاوازیی گوتاری و مه‌ودای روانگهییشی چ له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئامانج و ستراتیژییه‌کانی خه‌باتدا و چ به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به شێواز و تاکتیکه‌کانی ئه‌و خه‌باته لێ که‌وتۆته‌وه.
به‌ڵام ئایا ئه‌وه به‌و مانایه‌یه که درز و مه‌وداکانی نێو بزووتنەوەی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به هه‌موو به‌ستێن و لایه‌نه‌کانیه‌وه ئه‌وه‌نده قووڵ و بهردرێژن که هه‌ر له بناخهڕا و له‌ڕووی ئیدئال و بههاکانیشهوه نه‌توانین سۆکلێکی هاوبه‌شی هاوکاری و هاوخه‌باتی بۆ ئه‌م به‌ستێن و لایه‌نانه بدۆزینه‌وه؟ بێگومان نه‌خێر، و لێره‌دایه که پێویسته په‌نجه له‌سه‌ر ئه‌و راستییه دابنێین که دیداره‌که‌ی “مێری” ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ڵگری جیاوازییه گوتراو و به‌رجه‌سته‌کراوه‌کان بوو، ئه‌وه‌نده‌ش ده‌رخه‌ری هاوبه‌شییه نه‌گوتراو و پێلهسهردانهگیراوهکان بوو. حاشای لێ ناکرێ که هاوکاری و هاوخه‌باتی به‌بێ لانیکه‌می رێککه‌وتن و لێکگه‌یشتن له‌سه‌ر راوهستگا و دووره‌دیمه‌نی زه‌ینی و سیاسیی تێکۆشان پێک نایه؛ ئه‌گه‌ریش پێک بێ هه‌ر به رواڵه‌ت ده‌بێ و به‌رهه‌می به‌کرده‌وه‌ی نابێ. به‌ڵام پاشخانی عومده‌ته‌ن نه‌ته‌وه‌یی و دێموکراتیکخوازی بزووتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵات؛ هاوبه‌شی له تێچووی مرۆیی خۆڕاگریی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا؛ هاوچاره‌نووسی له دۆخی سه‌ختی ئێستا و له به‌رامبه‌ر رێژیمێکی وه‌ک کۆماری ئیسلامی‌دا؛ هه‌روه‌ها که‌شی داماڵراو له گرژیی نێوان هێز و لایه‌نه‌کانی بزووتنه‌وه له سه‌رده‌می ئێستادا هه‌مووی نیشانده‌ری ئه‌و راستییه‌یه که به مه‌رجێک ئیراده‌ی پێکه‌وه کارکردن و یه‌کتر قبووڵ کردن هه‌بێ، دروستکردنی سه‌نتێزی روانگه‌ی که‌لانی سیاسی بۆ چۆنیه‌تی بردنه‌پێشی خه‌باتی کوردی رۆژهه‌ڵات له ئێستادا و بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ئایندهی کورد له ئێران و له ئاکامدا پێکهێنانی مێکانیزمی گونجاو بۆ وێکخستنی توانا و پۆتانسیه‌له‌کانی بزووتنەوە به‌بێ چاوه‌ڕوان مانه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری هه‌موو کێشه‌کانی نێو بزووتنەوە ئه‌وه‌نده‌ش کارێکی سه‌خت نیه.
چه‌ند رۆژێک پاش ئه‌م دیداره بوو که یه‌که‌مین کۆنسولی گشتیی فه‌ڕانسه له هه‌ولێر له په‌راوێزی سه‌ردانه‌که‌ی بۆ لای حیزبی دێموکراتی کوردستان و له وه‌ڵامی پرسیاری یه‌کێک له به‌شدارانی کۆڕه‌که‌ی له بنکه‌ی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکرات‌دا رایگه‌یاند که ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت دنیای ده‌ره‌وه سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێرانیش فشار بخاته سه‌ر کۆماری ئیسلامی، هه‌تا وه‌ختێک کوردی رۆژهه‌ڵات نێوماڵی خۆی رێک نه‌خا و هه‌موو وزه‌ی خه‌باتگێڕانه‌ی خۆی وه‌سه‌ریه‌ک نه‌خاته‌وه، ده‌رچوون له دۆخی ئێستا ئه‌سته‌مه و گۆشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی فاکته‌ری کوردی هێشتا ئه‌و سه‌رنج و قورساییه وه‌رناگرێته‌وه که پێویستی پێیه و شیاویه‌تی. ناوبراو به‌تایبه‌تی له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کانی نێو بزووتنەوەی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان باوه‌ڕیان به پێویستیی بوونی ڤیترینێکی هاوبه‌ش بۆ گه‌یاندنی ده‌نگیان به ده‌ره‌وه‌ی خۆیانه، نابێ هه‌نگاونان له‌و پێناوه‌دا به‌وه ببه‌ستنه‌وه که هه‌ر ئێستا هه‌موو گیروگرفته نێوخۆییه‌کان چاره‌سه‌ر بن.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و گیروگرفت و به‌ربه‌ستانه‌ی له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا رێگای هه‌ستانه‌وه‌ی زیاتری خه‌باتی کورد له رۆژهه‌ڵاتیان ته‌نیوه، چالێنجه‌کانی دۆخی ئێستای جیهانی و ناوچه‌یی که هاوکات هه‌ڵگری زۆر مه‌ترسی و زۆر ده‌رفه‌تی نوێیه، بژارده‌ی سیاسی و مه‌ده‌نیی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ئاستی حیزبه مێژووییه‌کانی ئه‌و به‌شه له کوردستان ئه‌رکدار ده‌کا که هه‌رچی زووتر خه‌باتی فره‌ڕه‌هه‌ند و فره‌لایه‌نه‌ی خۆیان یه‌ک بخه‌ن. ئه‌وان ئه‌و وه‌خته به‌و مه‌به‌سته ده‌گه‌ن که به چاویلکه‌ی ئه‌مڕۆ له واقعییه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگە و سه‌رده‌می خۆیان بڕوانن، هێز و هه‌رمان و سه‌رکه‌وتنی خۆیان له پڕکردنه‌وه‌ی درزه‌کان و رووخاندنی دیواره‌کانی نێوانیاندا ببینین، بۆ مه‌نزه‌له‌تی به‌کۆمه‌ڵ و ئایندهی بزووتنەوەکهیان به‌رزه‌فڕ و بۆ جێگه و پێگه‌ی به‌جیای خۆشیان به ته‌وازوع بن. ئه‌و وه‌خته‌یه که ده‌توانن ده‌رس له رابردوو وه‌ربگرن و سبه‌ینێیه‌کی پڕ به‌ڵێن بۆ خۆیان و میلله‌ته‌که‌یان بکڕن