ئه‌فسانه بایه‌زیدی، خوێندكار و به‌ندكراوی سیاسیی كورد كه چه‌ند مانگ له‌وه‌پێش بۆ كێشانی ٤ساڵ زیندان خۆی به زیندانی كرمان ناساند، به‌هۆی تێكه‌ڵچوون له‌گه‌ڵ به‌ندكراوانی مه‌ترسیدار بۆ ژووری ئینفرادی گواسترایه‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرتی كه‌مپه‌ینی به‌رگریی له به‌ندكراوانی سیاسی و مه‌ده‌نی، ئه‌م چالاكه كورده له‌سه‌ر بڕیاری شوورای ئینزباتیی زیندانی كرمان، بۆ ژووری ئینفرادی گواسترایه‌وه و هۆكاری گواستنەوەی ناوبراو بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه کە له‌لایه‌ن به‌ندكراوانی دیكه‌وە بێڕێزیی پێده‌كرێ و ناوبراویش به‌ناچاری له‌گه‌ڵیان به‌شه‌ڕ دێ و كاربه‌ده‌ستانی به‌ندیخانه‌ش پشتیوانی له به‌ندکراوانی دیكه‌ی زیندان ده‌كه‌ن و ناوبراو بۆ ماوه‌ی 7 ڕۆژ له ژووری ئینفرادی ده‌كه‌ن.
دایكی ئه‌فسانه له‌م پێوه‌ندییه‌دا گوتی له ماوه‌ی زیاتر له 2 مانگ به‌ندكرانی له زندانی كرمان له مافی چاوپێكه‌وتن بێبه‌شكرا.
دایكی ناوبراو ده‌ڵێ، بۆ جاری دووهه‌م كه له ڕێگه‌ی ته‌له‌فوونه‌وه پێوه‌ندیمان پێكرد ده‌نگی نووسابوو و وتبووی، ژیانم ئاسایی نییه و زۆر سه‌ختم لێده‌گوزه‌رێ و هه‌موو شه‌وێ خه‌ون به مردنه‌وه ده‌بینم. به‌ندكراوانی ئه‌م به‌نده زۆر ئازار و ئه‌زیه‌تم ده‌ده‌ن. هه‌موو جارێ كاربه‌ده‌ستانی به‌ندیخانه پێمده‌ڵێن، “كوردی دژه شۆڕش ماوی؟ هێشتا هه‌ر زیندووی؟”
ئه‌م چالاكه خوێندكاره‌ی خه‌ڵكی شاری بۆكان ڕۆژی یه‌كشه‌ممه، ٣١ی گه‌لاوێژ، به تۆمه‌تی پروپاگه‌نده دژی كۆماری ئیسلامی و بێڕێزیكردن به ڕێبه‌ر و هه‌روه‌ها هاوكاریكردنی یه‌كێك له حیزبه كوردییه‌كانی به‌رهه‌ڵسكاری ڕێژیم له لقی یه‌كی دادگای شۆڕش له مه‌هاباد حوكمی ٤ ساڵ زیندان و دوورخرانه‌وه بۆ زیندانی كرمانی بۆ بڕایه‌وه.
ناوبراو ڕۆژی ١٨ی خه‌رمانان بۆ كێشانی حوكمی ٤ ساڵ زیندانەكه‌ی بۆ زیندانی كرمان گواسترایه‌وه.
پێویست به ئاماژه‌یه كه پێشتریش ناوبراو له مانگی ڕێبه‌ندانی ساڵی ٩٤، سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردن له نێو كۆڕی خوێندكاران‌دا، له لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعات له شاری بۆكان بانگ كرا و چه‌ند سه‌عات لێكۆڵینه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی لێكرا و پاشان ئازاد كرا.
ئه‌م چالاكه كورده جارێكی دیكه‌ش له مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ٩٢، به تۆمه‌تی هاوكاریكردنی یه‌كێك له حیزبه كوردییه‌كانی دژبه‌ری كۆماری ئیسلامی ده‌سبه‌سه‌ركرا و پاش دانانی بارمته‌ی ١٠٠میلیۆن تمه‌نی له زیندان ئازاد كرا و حوكمی ٢ ساڵ زیندانی ته‌علیقیی بۆ بڕایه‌وه.