له ماوه‌ی ٦ مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ ٧ هه‌زار یه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازی، كانگا و بازرگانی له ئێران داخران و وه‌زاره‌تی پێوه‌ندیدار مۆڵه‌تی ٣هه‌زار و ٣٠٠ یه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه.
ڕۆژنامه‌ی “ته‌عادول” ده‌نووسێ، له ماوه‌ی ٦ مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ له چاو ساڵی پێشوو داخرانی یه‌كه‌كانی به‌رهه‌مهێنان سه‌دی ٧ به‌رزبۆته‌وه.
ته‌نانه‌ت ڕێكه‌وتنی ناوكیش نه‌یتوانی گرێكوێره‌ی ئابووریی ئێران بكاته‌وه. به‌رنامه‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ خۆده‌ربازكردن له‌م قه‌یرانه ئابوورییه بێ ئه‌نجام بووه.
ڕێژه‌ی داخرانی یه‌كه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له ماوه‌ی ٦ مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ زیاتر له ١٦ هه‌زار و ٤٦١ یه‌كه بووه كه له چاو ساڵی پێشوو ٦ هه‌زار یه‌كه زیاتر داخراوه. ساڵی پێشوو ته‌نیا ١٠ هه‌زار و ٥١٩ یه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنان له ئاستی ئێران‌دا داخرا.
به‌پێی ئه‌م ئامارانه ڕێژه‌ی داخرانی یه‌كه چووكه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له ئاستی ئێران سه‌دی ١٩ به‌رزبۆته‌وه. له كۆی ٨٠ هه‌زار و٤٧٦ یه‌كه‌ی چووك ١٥ هه‌زار و٢٩٠ یه‌كه‌ی كه مۆڵه‌تیان هه‌بووبێ، به‌گشتی داخراون و له‌م ڕێژه‌یه ٦ هه‌زار و ٨٠٠ یه‌كه‌ی له سه‌ره‌تای ٦ مانگی ئه‌مساڵ داخراون.
هه‌روه‌ها له كۆی‌٤ هه‌زار و ٣٦٢ یه‌كه‌ی پیشه‌سازیی مام ناوه‌ندی سه‌دی ١٨ وات٧٨٥ یه‌كه‌ی به‌ڕسمی داخراون و یه‌كه گه‌وره‌كانی پیشه‌سازیش سه‌دی ١١ داخراون. به واتایه‌كی دیكه له كۆی ٣ هه‌زار و ٥٢٤ یه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنانی گه‌وره ٣٨٦ یه‌كه‌ی به‌گشتی داخراون.
كاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی، سامانه‌كان و بازرگانی پێشتر ڕێژه‌ی یه‌كه داخراو و نیوه داخراوه‌كانیان ٧ هه‌زار یه‌كه ڕاگه‌یاند و به‌ڵێنیان دا به دابینكردنی بوودجه‌ی ١٦ هه‌زار میلیارد تمه‌نی ئه‌م یه‌كانه ده‌بووژێنینه‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ریی شیركه‌تی شارۆچكه پیشه‌سازییه‌كانی ئێرانی گوتی، زیاتر له سه‌دی ٦٠ی یه‌كه‌كانی پیشه‌سازی گیروگرفتی نه‌ختینه‌یان هه‌یه و هێندێك له‌م یه‌كانه توانای بووژانه‌وه‌یان نه‌بووه و ئێستا وه‌ك ئه‌نبار كه‌ڵكیان لێوه‌رده‌گیردرێ. یه‌زدانی پێشتر وتبووی كه سه‌دی 8ی یه‌كه داخراوه‌كانی پیشه‌سازی توانای به‌رهه‌مهێنانیان نه‌ماوه.