لە حەفتاکان، بەتایبەت لە گەرمەی شۆڕشی باشووری کوردستان‌دا، ژمارەیەکی زۆر کوردانی گەرمێن روویان لە خۆرهەڵاتی کوردستان کرد. ئەو سەردەمە خۆرهەڵاتی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی پاشایەتیی پەهلەوی‌دا، هەم لە باری سیاسی ـ نیزامی و هەم لە باری فەرهەنگی‌یەوە کەوتبووە بەر هێرش. زمان و کو‌لتوور بەرەو فەوتان دەچوون. یەک لە دیاردە سەیرەکانی ئەو سەردەمە، ناولێنانی مناڵەکان بوو. ئەگەر مناڵێک لە دێ یا شارە بچووکەکان لەدایک ببا، خێرا ناوێکی عه‌ره‌بی‌یان لەسەر دادەنا. ناوەکان لە ناوچە سوننی‌نشینەکان وەبیرهێنەرەوەی خەلافەتی ئیسلامی سەردەمی دوای پێغەمبەر بوون. وەکوو عەلی، عومەر، ئەبووبەکر و عوسمان، ئەگەریش ئەوانە نەبان، ئیتر قادر و مەولوود و چی و چی. لە شوێنە شیعەنشینەکانیش ئەوە رەزا و کازم و تەقی و نەقی. تا ئێرە بەشی کوردی داماو بوو. فارسەکان بەڵام، جیا لە ناوە مەزهەبی‌یەکانی وەکوو رەزا و کازم و بە واتایەک دوازدە ئیمامی خۆیان، بۆیان هەبوو ناوە فارسی‌یەکان، بەتایبەت ناوی پاشاکانی پارس لە مناڵەکانیان بنێن. له‌گه‌ڵ ئه‌وان، کۆمەڵگه‌ی کوردیش پارساویی ببوو و لاسایی ئەو نه‌ریته‌ی دەکردەوە و لە شارە گەورەکان ناوی مناڵەکانیان بەپڕانی دادەنا کامبیز و کوروش و پەرویز و چی و چی و ئەوەشیان بە نیشانەی بەرزبوونی کلاس و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان ده‌زانی و بە ناوی مناڵانی دێ و شارۆچکەکان پێدەکەنین و بە چاوی سووک سەیریان دەکردن.
راست لەو سەردەمە، هەروەک باسم کرد، لە حەفتاکان‌دا، بە هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتی‌یانی باشوور بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان، شۆڕشێکی فەرهەنگیشیان لەگەڵ خۆیان بە دیاری هێنا. ئێمە کاتێک گوێمان لێدەبوو مناڵەکانیان بە ناوەکانی ئازاد، نیشتمان، سەربەست، پشتیوان، زاگرۆس، شنۆ، مەهاباد، کانی، چیا، باخەوان بانگ دەکران، حەسرەتی بۆرە ئازادی‌یەک هەڵی‌دەگرتین. زۆری نەخایاند و شۆڕشی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی پەهلەوی بووە هۆی رووخانی فەرمانڕەوایی ئەو بنەماڵەیە و کوردی خۆرهەڵات پشوویەکی وەبەرهاتەوە. ”رێنێسانسی ناو” دەستی پێ‌کرد. ئەو مناڵانەی لەو سەردەمەدا لەدایک بوون، بەپڕانی ناوی کوردی‌یان لێ‌نرا. بە واتایەک درێژەدانی رێنێسانسی فەرهەنگیی ئەو دیو بوو. خێرا عومەر و عوسمانەکان جێی خۆیان‌دا بە گۆران و شۆڕش و هیوا و کۆسار و ئاژوان و ….هتد.
سەدەی بیست تەواو بوو و پێمان نایە نێو سەدەی بیست و یەک. دوای تێپەڕینی سی و چەند ساڵێک لەپاش شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بارودۆخی ئێستای کوردستان لە هەر دوو به‌شی باشوور و خۆرهەڵات بەڕاستی جێی تێڕامانە. ئەو حکوومەتەی هەموو هەوڵی خۆی دەدا، ئیسلام به‌سیاسی بکا و بۆ دەرەوەی سنوورەکانی بنێرێ، ده‌کرێ بڵێین تا راده‌یه‌کی زۆر به ئامانجه‌کانی گه‌یشتووه. با له پێشه‌وه سه‌یری باشووری کوردستان بکه‌ین. ئێستا لە نێوەندی بازرگانی پێتەختی هەرێمی کوردستان، واتە لە هەولێر وەکوو گەورەترین شاری ئەو بەشەی نیمچە سەربەخۆ، دەبینین وەچەی نوێ که له‌وێ رۆژانه سه‌رقاڵی کار و کاسبین، بەپڕانی خاوەن ناوی عەڕەبین و عومەر و مستەفا و ئەبووبەکر و هتد ئاشکراترینیانن. زمانی تابڵۆی سه‌ر شوێنە گشتی‌یەکانیش کوردی‌یەکی شێواو و سەقەته و پاشوه‌چوونی ته‌واو به ره‌وتی گه‌شه‌ی زمانی‌یه‌وه دیاره. واتە دەتوانم بڵێم، رێنێسانسی فەرهەنگیی ئەو بەشە، لە سایەسەری پەرەگرتنی ئیسلامی سیاسی، بۆ فەترەیەکی نادیاری زەمەنی فت بووه. بەڵام، لەو بەشەی‌تر، واتە لە خۆرهەڵاتی کوردستان، لەژێر زەختی دەسەڵاتێکی نگریستر لەوەی پێشوو کە بەهەموو ئامرازێکی شەڕ، هەوڵ بۆ تواندنەوەی نەک زمان و کولتووری کوردی، بەڵکوو رگەزی کوردیش دەدا، کورد سەرقاڵی پاراستنی مەوجوودییەتی خۆیەتی. کورد تێدەکۆشی زەخت و مەترسیی دەسەڵاتی حکوومی لەسەر خۆی کەم بکاتەوە و بە درێژەدانی خوێندن و نووسینی کوردی بە شێوەی نافەرمی و هەروەها ناولێنانی مناڵ و گەڕەک و جێگەی کار و شوێنە گشتی‌یەکان رێنێسانسی فەرهەنگی لە دەڤەری خۆی بەهێز و زیندوو رابگرێ.
ئەوەی لێرەدا جێی پرسیارە ئه‌وه‌یه که، داخوا کورد هەرتەنیا لەژێر هەڕەشەی مەترسیی تێداچوون‌دا، هەست بە بوونی خۆی دەکا و بەها پیرۆزەکانی خۆی دەپارێزێ و وەبیری دێتەوە خاوەن زمانی کوردی‌یە و کولتووری تایبەت و دیاری خۆی هەیە؟! ئیدی ئەگەر رۆژێک لە رۆژان رزگاربوو، پێویست ناکا خۆی زیاتر بە پاراستنی شوناسە نەتەوەییەکانی‌یەوە ماندوو بکا؟! یا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رناخا که له راستی‌دا ئه‌و هه‌موو خوێن و خه‌باته به‌خۆڕاییه، چونکه هه‌رکه رزگاریمان هات، خۆمان به ده‌ستی خۆمان ئه‌وه ده‌که‌ین که دوژمنه‌کانمان گه‌ره‌کیانه بیکه‌ن. ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ چاره‌نووسی داهاتووی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ، ته‌راتێنی وێرانی به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان بێ، ئێستێ بۆچی ئه‌و گشته خوێنه بۆ رزگاربوونی ده‌درێ. ده‌نا چۆن دەبێ لە کوردستانێکی نیمچە‌سەربەخۆدا، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌مانه، برەوی ناوی عەڕەبی، گۆرانی فارسی، سەمای تورکی، ردێن و به‌ها نامۆکان به کولتووری کوردی دەیان‌جار پتر لەو سه‌رده‌می بێ که ژێرده‌سته بوو. تۆ بڵێی خه‌باتی باکوور و خۆرئاوا و خۆرهه‌ڵاتیش له گشت بوارێک‌دا به مه‌به‌ستی پاراستنی کو‌لتوور و زمان و شوناسه‌کانمان هه‌ر تا ئه‌و ساته بێ که سه‌ربه‌خۆ ده‌بین و ئیدی دواتر به هێزه فه‌وتێنه‌ره‌کانی جیرانمانی ده‌سپێرین! بەڕاست جێی داخە. ئەو گشتە قوربانی‌یە لەپێناو چی‌دا؟ چ پێویست به‌و هه‌موو ماڵوێرانی‌یه ده‌کا، باشتر نییه هه‌ر له ئێستاوه خۆت له‌نێو میلله‌تانی نه‌یاری دراوسێت‌دا بتوێنییه‌وه، بۆ ده‌وێستی تاکوو سه‌ربه‌خۆ بی. له ژێرده‌سته‌یی‌دا کوردی تۆخ، له ئازادی‌دا ئیهمالکه‌ری شۆخ!! به بڕوای من، ئه‌وانه کۆمەڵە پرسیارێکن کە هەر تاکێکی کورد لەسەرییەتی بەدوای وڵامه‌کانیان‌دا بگەڕێ.
لە ژماره ٦٩١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه