لە چەند ڕۆژی ڕابردووە، پۆلیسی دەولەتی تورکیە بە دەستوری دەزگایی قەزایی، ڕەوتێکی کەم وێنەی لە قۆڵبەست کردن و ڕاپێچ کردنی سەرۆک شارەوانیی و پاڕڵمانتێر و ڕێبەرە یەکەمەکانی پارتی دێموکراتی گەلان دەست پێکردووە. گرتن و ڕاپێچ کردنی بەڕێزان گۆڵتەن کشاناک و فورات ئانلی، سەرۆک شارەوانییەکانی شار ئامەد و گرتنی سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یووکسەکداغ هاوسەرۆکەکانی پارتی دێموکراتی گەلان و نیزیکەی دە پاڕڵمانتێری دیکەی سەر بەو حیزبە، درێژەی هەمان مۆتەکەی ڕاونان و گرتنە کە تەنیا لە ماوەی چەند مانگ و حەوتووی ڕابردوودا، گیراوانی سیاسی و مەدەنی کورد خۆ لە سی شارەوانی و دەیان هەڵسوور و چالاکی سیاسی و ڕۆژنامە نووسی دەدات.
دادگای ئەو وڵاتە کە تێکڕای دەستوور و بڕیارەکانی لە قۆڵی ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەوه دەردەچن، بۆ بەرەپێش بردنی پیلان و ڕەوایی دان بە گرتن و قەڵاچۆی سیاسی کورردەکان پەنا بۆ چەند هۆی ڕەواڵەتی وەک، شاروانییەکان پووڵیان بۆ پەکەکە ڕەوانە کردوە، دە گەندەڵی گلاون، یاسا و ڕێساکانی سیستمی تورکیەیان پێشیل کردوە، خەڵکیان بەرامبەر دەوڵەت ڕاگرتووە، پشتیوانیان لە خۆسەری دێموکراتیک کردوە و لە ڕێ و ڕەسمەکانی نەورۆز بەشدار بوونە، دەبات. ئەو هۆیانە تەنیا پەڵپ و بیانوو گرتنن بە خەباتگێڕانی نێوخۆیی کوردستانی باکوور، چونکە: یەکەم، پۆلیس و دەزگای سێخوری و دادگایی ئەو وڵاتە و ڕۆژنامەکانی لایەنگری دەسەڵات زیاتر لە سێ ساڵە تێدەکۆشن، سەرەداوێک لە ڕەوانەی کردنی پووڵی شارەوانییەکان بۆ پەکەکە بدۆزنەوە و بیکەن بە پاساو، کە بتوانن خەباتی سیاسی کوردی پێ تەفر وتوونا بکەن، کەچی دەرکەوتووە وەها تۆمەتێک دوورە لە ڕاستی و هیچ بنەمای نییە. دووهەم، بە پێچەوانەی دەنگۆی گەندەڵیی، شارەوانیەکانی مەڵبەند و شارەکانی کوردستان سەرەڕای هەموو کۆسپ و تەگەرەیەک دەوڵەت بۆیان دەتاشێ ئەگەر لە شارەوانی شارە تورک نشینەکان سەرکەوتووتر نەبووبن، کەمتریان نەهێناوە، ئیدی لەوەش گەڕێین ساڵی ٢٠١٣ چ فەرتەنەیەک لە سەر گەندەڵیی دەسەڵاتی پارتی دەسەڵاتداری، ئاکەپە، ساز بوو. سێهەم، بیانووی دەوڵەت، ئاکەپە و خودی ئەردۆغان، بریتیە لە بردنە پێشی سیاسەتی حاشا لێکردن و قەڵاچۆی خەڵکی کوردستان، هەمان سیاسەت و میراتی کەلتووری کە تورکیە زیاتر لە سەدەیەکە پێیوە دەناڵێنێ. ڕوانگەی میراتێک کە تێدەکۆشێ دەنگی خۆشی و لۆغانی کوردەکان لە بۆنە و جیژنەکان و دەنگی ماڤخوازی کورد دە گەروودا بخنکێنێ. دەسەڵاتی تورکیە، باش دەزانێ کە ئەو سیاسەتمەدارانەی دەیانگرێ و دەگرتووخانەیان دە پەستێوێ، لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا بە دەنگی خەڵک و میللەتی خۆیان بە ڕێژەی زیاتر لە ٨٠٪ دەنگ هەڵبژێردراون ، کەواتە ئەو دهسبهسهرکرانانه جگە لە زۆرداری و چاوسوور کردنەوە لە خەباتگێڕانی کورد هیچ واتا و پاساوێک هەڵناگرێ.
پەلامار و گۆڕەوشار و ڕاکێشانی ڕێبەرە یەکەمەکانی هەدەپە و سەرۆک شارەوانییەکانی پارتی دیموکراتی گهلان بۆ بەردەم دادگا و زیندانی کردنیان دەمێکە دەوڵەتی تورکیە زۆر ئازایانە بۆی تێدەکۆشێ. ئەو دەوڵەتە، لە بەر ئەوەی هیچ گەڵاڵە و بەرنامەیەکی بۆ ئاوڕدانەوەیەکی قووڵ و ڕیشەیی لە کێشەی کورد پێ نەبوو و هەرگیز لە پرۆسەی ئاشتیدا بە نییەت و مەڕامێکی ڕاست نەهاتە پێش، بەڵکوو لە ڕاستیدا بۆ دیزە بەدەرخۆنە کردنی دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕادانی ئاڵوگۆڕەکانی ئاسمانی سێ بەشی باکور، باشور و ڕۆژئاوای کوردستان، بوارێکی خوڵقاند کە بتوانێ بە پێی دۆخ پرۆسەکە بۆ کەمین و مەیدانی شەڕ و وێرانی بگۆڕێ. هەڵایسانی شەڕی نێو شارەکان تەخت و ویران کردنی جەزیرە، شەرناخ، وان، حەکاری، دەرسیم، سوور و سلیوانی ئامەد ئەو کەمینە بوو کە بەداخەوە پارتی کرێکارانی کوردستان بێ ئەوە بیر لە ئاکام و بەرهەمەکەی بکاتەوە تێی کەوت. تەنانەت بوار بۆ ڕێکخراوی ترۆریستی داعش خۆش کرابوو کە بتوانێ متینگ و کۆبوونەوەکانی هەدەپە بکاتە ئامانج و زەبری قورس لە پەیکەری ئەو حیزبە بدات. زەبری قورس، چونکە هەموو جارێ بە دوای چالاکی ترۆریستی ئەو رێکخراوەدا، هەدەپە مەیدانی سیاسی و چالاکییەکانی لێ تەنگتر دەبۆوە. هێڕشەکانی داعش بۆ سەر ئەو حیزبە بوون بە غەنمێک بۆ ئاکەپە و ئەردۆغان کە دۆخی شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لە باکووری کوردستان بەرەو ئاقارێک بەرن کە بە زەرەری کورد بشکێتەوە.
ئامانجەکانی تورکیە لە گرتنی ڕێبەرانی کورد و زاڵ کردنی نەعرەتە و دێوەزمەی شەڕ و تۆتاندن ڕوون و ئاشکرایە؛ یەکەم، خەباتی سیاسی و جەماوەری و پاڕلمانی کوردەکان بەرەو هەڵدێر بەرێ و دەستکەوتە سیاسییەکانی خەڵکی باکووری کوردستان هەل و کووت و هەپروون بە هەپروون بکات، دووهەم، لە ئاکامی سەرکوت و شکاندنی پەڕ و پۆی هەدەپە دەست بە سەر گشت جومگە سیاسییەکانی باکوری کوردستاندا بگرێ و لە درێژەی ئەو سیاسەتەدا، هێرش و پەلامارەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان چڕتر بکاتەوە و داگیری بکات. سێهەم؛ لە ئاکامی ئەو دوو هەوڵەدا، پڕۆسەی سیاسی باشوری کوردستان بەرەو دواو بکشێنێتەوە و سەرئەنجام بە چەشنێک دەسەڵاتی عوسمانی بە سەر پانتایی کوردستان دا بسەپێنێتەوە. بەڵام، ڕاستییەکانی سەردەم، ڕەوتی ڕووداوەکان بە پێچەوانەی ئەو خەونە نەزۆکەی تورکیەن. سەردەمی ئێستا و بە تایبەت ناوچەکە لەگەڵ ساغ کردنەوەی ئیمپراتۆر و دەسەڵاتی رههادا نین، بەڵکو لە گەڵ کەم بوونەوەی سێبەری دەوڵەتە سەرەڕۆکان لە سەر گەلانی چەوساوە و ژێردەستەن. بۆیە لە سەر دەسەڵاتدارنی تورکیە پێویستە چاوێک بە ڕابردوودا بخشێننەوە و دەرس لە ئەزموونەکان وەرگرن کە بە گرتن، زیندانی کردن، ڕفاندن و کوشتن نەیانتوانیوە چۆک بە کورددا بدەن و هەر لە جێدا ئەگەر سیستمی تورکیە و حاکمانی پێیان وایە کورد بەوان دەتوێتەوە بە تەواوی هەڵەن. بۆیە، ئەو دەوڵەتە هەتا زووتر لەو هەوڵ و هەڵانە پاشگەز بیتەوە، زۆرتر قازانج دەکات. ئەوەندەی دەکەوێتە سەر پەکەکە ئەوەیە کە ئەو هێزە دان بە خۆدا بگرێ و شەڕێک کە دەوڵەتی تورکیە ئارزووی دەکات خۆ بپارێزێ و هەوڵی دەوڵەت بۆ قووڵ بوونەوەی زیاتری شەڕ و قەڵاچۆ لە باکووری کوردستان پووچەڵ بکاتەوە ، چونکە دیتمان شەڕی شارەکان لە قازانجی کورد نەشکایەوە و پرۆسەی سیاسی باکوری کوردستان بەرگەی شەڕ و وێرانی لەوەزیاتر ناگرێ.
کوردەکان لە باکوور بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو بوونەتە قوربانی دوو چەشنە کوودەتا، لە لایەک کوودەتای نیزامییەکان لە لایەکی دیکەش کوودەتای دەسەڵات وەک کوودەتای دەولەتی ئەردۆغان.