رۆژی ١٢ی خەزەڵوەری، رۆژنامەی “شرق الاوسط” ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ئیمارات و بەحرەین دەستیان کردووە بە شناسایی و دادگایی کردنی سیخوڕەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەیان.
بە وتەی ئەم رۆژنامەیە دادسەرای تاوانە تێرۆریستییەکان لە بەحرەین، ١١ تۆمەتباری بە سیخوڕی کردن بۆ ئێران ڕادەستی دادگا کردووە. ئەو کەسانە دەستیان لە تەقینەوەی فەلەکەی “نویدرات” دایە کە لە رۆژی ٣٠ ژوئێن تەقێنرایەوە و بوو بەهۆی کوژرانی ژنێکی بەحرەینی. لێکۆڵینەوەکان لەم بارەوە دەریخست کە تاوانباری سەرەکیی ئەم تەقینەوەیە لەو وڵاتە هەڵاتووە و ئێستا لە ئێران نیشتەجێیە و کار بۆ سپای پاسداران دەکا و تاوانباریشە بە تەقە کردن لە پۆلیس و کوشتنی چەند پۆلیسی ئەو وڵاتە.
هەروەها “شرق الاوسط” باسی لەوە کرد کە دەوڵەتی ئیماراتیش رۆژی سێشەممە، ١١ی خەزەڵوەر، بۆ ٧ کەس لە تاوانباران بە تۆمەتی سیخوڕی و ئاژاوەنانەوە کە لە دەستوپێوەندەکانی ئێران و حیزبوڵڵا بوون، سزای زیندانی بۆ دەرکردن.
جێی ئاماژەیە، باڵوێزی وڵاتی ئیمارات لە ئەمریکا، حەوتووی ڕابردوو داوای لە دەوڵەتی ئۆباما کرد کە پێش بە سەرەڕۆیی و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بگرن.